رووداوی هاتوچۆ دوو هونەرمەندی کوردی کردە قوربانی

14:47 - 3 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەبەرەبەری بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی بیژەن کامکار لەمەهاباد، هونەرمەندێکی کورد بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢ی بانەمەڕ، ئەرسەلان قانع زادە هونەرمەندی خەڵکی مەهاباد و ژەنیاری سازی\" تمبک\" لە نێوان جادەی تاران ـ قەزوین گیانی خۆی لەدەست داوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە، ئەندامی ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان لە مەهاباد بوو و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرقاڵی تەمرین و راهێنان بە مەبەستی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی بیژەن کامکار بوو.

ئەو رووداوە یەک رۆژ بەر لەوادەی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی کامکار و ئۆرکێسترای فیلارمونیک لە مەهاباد، رووی داوە و بە وتەی سەرپەرەستی گرووپەکە، کۆنسێرتەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و هەڵناوەشێتەوە.

\"26157.jpg\"
ئەرسەلان قانع زادە ژەنیاری سازی\" تمبک\"بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا و سەلاح خزری هەر لەو رووداوەدا بریندارە
ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن کاوە فەقی زادەوە دامەزراوە.

بەپێی ئەو ئاگاداریانەی بڵاو کراونەتەوە، کۆنسێرتەوە لە ئەمرۆوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەشاری مەهاباد بەردەوام دەبێت.
هەر لەو رووداوەدا سەلاح خزری هونەرمەندیکی دیکەی کوردکە لەگەڵ ئەرسەلان قانع زادە بوووە، بریندارە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.

ئەرسەلان قانع زادە یەکێک لە هونەرمەندانی ناسراوی شاری مەهاباد بوو و لەساڵی ٨٩ وە بە ئەندامیەتی ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان وەرگیرابوو.