رووداوی هاتووچۆ لە دیواندەرە ١٠ کوژراو و برینداری لێکەوتوە

19:23 - 28 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشێنێکی مینی‌بووس لە جاددەی نێوان دیواندەرە بۆ شاری سنە، ١٠ هاووڵاتیی کورد کوژراو و بریندار بوون.

ماڵپەڕی \"تەسنیم\" لە زاری فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی ئوستانی کوردستانەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەو رووداوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە لە نیوان سێ ماشێندا هاتۆتە ئاراوە کە بەو هۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەست داوە و ٩ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری دیواندەرە ئاماری کوژراو و بریندار بوونی ئەو رووداوەیان ٤ کوژراو و زیاتر لە ١٠ بریندار راگەیاندووە.

دەگوترێت ئەو رووداوە لە ٢ کیلۆمیتریی شاری دیواندەرە هاتۆتە ئاراوە و ماشێنی مینی بووسێک کە لە شاری دیواندەرەوە بەرەو گوندی \"نسارە\" بەڕێوە بووە، بەهۆی پێکدادان لەگەڵ ماشێنیکی سیمان کێش تووشی وەرگەڕان بووە.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری دیواندەرە بارودۆخی تەندروستیی دوو کەس لە بریندارەکانی نالەبار راگەیاندووە و ئاماری کوژراوەکانی ٣ کوژراو و ١٢ بریندار لە قەڵەم داوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە ئاماری دروست کوژراوان و بریندار بووانی رووداوی هاتووچۆی سەر رێگەی دیواندەرە بۆ شاری سنە روون نەبووەتەوە.