رووداوی قوتابخانەی شیناوێ لە مەهاباد دووپات بوویەوە

19:28 - 2 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد ئاگری تێبەربوو، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بۆ قوتابییانی ئەو گوندە بەدواوە نەبوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانبار سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \"کەرێزەی شیخان\" لە ناوچەی مەهاباد، بەهۆی ناستاندار بوونەوە ئاگری تێبەربوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، بەرپرسانی قوتابخانەی گوندی کەرێزەی شیخان پاش ئاگرتێبەربوونی سۆبەی نەوتیی قوتابخانەیان، بە ناچاری قوتابیانیان رەوانەی ماڵەوە کردۆتەوە و قوتابخانەکەیان داخستووە.

\"17534.jpg\"
وێنـــه‌ی گوندی \"کەرێزەی شیخان\" لە ناوچەی مەهاباد
ئەم رووداوە لە حاڵێک دایە کەبەرپرسان و نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ئیسلامیی ئێران پاش رووداوی شیناوێ، چەندین جار سەبارەت بە ناستانداردیی ئامێرە گەرماییەکان لە قوتابخانەکانی کوردستانی ئیران هۆشدارییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دابوو، بەڵام هەتا ئێستاش ناستانداردیی ئامێرە گەرماییەکان هەڕەشە لەگیانی قوتابییان دەکات.

گوندی کەرێزەی شێخان بە ٨٩ بنەماڵەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە و لەناوچەی شاروێرانی سەربە شاری مەهاباد و لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هەڵکەوتووە.

دوابەدوای رووداوی شیناوێ \"فەریبۆرز ئیسماعیل‌زادە\" بەرپرسی گشتیی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاندووە، ٦٠٠ پۆلی خوێندن لە گوندەکانی ئەو ئوستانە بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکانیان لە سۆپەی نەوتی کەڵک وەردەگرن، بەڵام بەهۆی کەمیی بۆدجەوە توانای دابین کردنی سیستمی گەرمایی ستانداردیان نییە.

رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی گوندی \"شیناوێ\"ی پیرانشار ٣٧ کچە قوتابیی ئەو گوندە تووشی سووتان بوون کە دواتر ٢ کچە قوتابی بەهۆی کاریگەریی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا.