رووداوی تەقینەوەی مین و هەورەتریشقە لە پیرانشار و سەقز، قوربانیی لێکەوتەوە

23:30 - 15 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە رووداوی تەقینەوەی مین لە پیرانشار و هەورە تریشقە لە شاری سەقز، ٤ هاووڵاتیی کورد کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەک بەناوی \"حوسێن روانان\" تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ئەندێزە\"ی سەربە پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵەتەکەی لە نزیک پاسگای \"پەسوێ\" بەهۆی تەقینەوەی مین، بەسەختی برینداری بووە و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی پیرانشار، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە کێڵگە مینەکانی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق گیانی لەدەست داوە.

بەپێێ ئامارە حکوومەتییەکان، پاش تەواو بوونی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق، نزیک بە ٤٠ میلیۆن مین و گولـلەی نەتەقیو لە ٥ ئوستانی رۆژئاوای ئێران بەجێماون.

هەروەها شەوی رابردوو رێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە، ٣ هاووڵاتیی کورد لە نزیک گوندی \"بەستام\"ی سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقز تووشی رووداوی هەورە تریشقە بوون.

لەو رووداوەدا کەسێکیان بەناوی \"ئایشێ سەلیمی\" تەمەن ٣٥ ساڵ گیانی لەدەست داوە و هەروەها ٢ کەسی دیکەشیان بەناوەکانی \"زانا رەحیم‌زادە\" تەمەن ١٣ سال و \"مریەم رەحیم‌زادە\" تەمەن ٣٠ ساڵ بەتوندی تووشی سووتان هاتوون کە بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراون.