رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی گوندێکی شاری خۆی هاتە ئاراوە

16:03 - 18 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: قوتابخانەی یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری خۆی، بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەو گوندە، بەرەوڕووی زیانی ماڵییەکی زۆر بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ریکەوتی ١٧ی بەفرانبار، قوتابخانەی گوندی \"ئاڵمەڵوو\"ی سەربە بەخشی قوتووری خۆی، لە ئەنجامی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، کە بەهۆی سۆبەی نەوتیی ناستانداردەوە بووە، تێکرووخا.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە کاتی دانی بەیانی و چوونە دەرەوەی قوتابیان بۆ \"زنگ تفریح\" (رێست- ئانتراکت)دا هاتۆتە ئاراوە.

بەگوتەی شایەتعالان ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هیچ زیانێکی ماددی بەدواوە نەبووەو قوتابیان لەباری تەندروستیی گیانییەوە هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.

ئەو گوندە کوردنشینە، کە ١٠٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە، لە ٤٠ کیلۆمیتریی شاری خۆی لە ئوستانی ورمێ هەڵکەوتووە.

هاتنەئارای رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو گوندە لە کاتێکدایە، کە بەرپرسی نوێکردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ورمێ ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاندبوو، بە هیچ شێوەیەک لە قوتابخانەکاندا کوورە و سۆبەی نەوتی بەکار ناهێنرێت.

ساڵی رابردووش چەندین قوتابخانەی گوندی \"نێبن\" لە ناوچەی \"باراندێز\"‌ لە ورمێ قوتابخانەی گوندی \"خەرمان یەری\" سەربە شاری ماکۆ قوتابخانەی گوندی \"کەرێزەی شیخان\" لە ناوچەی مەهاباد بەهۆی گڕ گرتن و تەقینەوەی سۆبەی نەوتی لە ئاگردا سووتان.

فەریبورز ئیسماعیل‌نەژاد ئەو ئوستانەی لە ریزبەندیی ستانداردسازیی ئوستانەکداندا، وەکوو دوایین ئوستان بۆ ستانداردرسازی لەقەڵەم دابوو، کە قوتابخانەی گوندەکانی بەرەوڕووی زۆرترین مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و گڕ گرتنی کوورە و سۆبەی نەوتی کردۆتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لابردنی سۆبە نەوتییەکان و ستانداردکردنی سیستەمی گرمایی قوتابخانەکانی ئوستانی ورمێ، پێویستیی بە ٤٠ ملیارد تمەن بودجە هەیە.