رووخانی بازاڕچەی سنووریی شنۆ نیشانەی خەمساردیی بەرپرسان + وێنـە

14:23 - 30 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ترمیناڵ و بازاڕچەی سنووریی شاری شنۆ بەهۆی کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەرەو رووخان و لە ناوچوون دەچێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوێنی ترمینالی پێشووی شاری شنۆ لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، پاش ئەوەی بە بۆدجە و تێچوویەکەی بەرچاو کرا بە بازارچەی سنووری، بەهۆی کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانی ئیدارەی شارەوانی، لەبەرەبەری رووخان دایە.

ئەو بازارچەیە لە حاڵێکدا بووە بە کەلاوە، کە پێشتر بە شوێنی کار و سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتییان و هەروەها بە هەبوونی ٣١ دووکانەوە بە شوێنێک بۆ ئاڵوێری بازرگانی ئەژمار دەکرا.

پێرانەگەیشتن بەو شوێنە، دێمەنێکی نەشیاوی بەو ناوچەیە بەخشیوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گلەیی و گازندەی دانیشتوانی شاری شنۆ، سەرەڕای بەدواداچوونی هاوولاتییان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ وڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

بازارچە سنوورییەکان بە سەرچاوەی پەرە گرتن و بووژانەوەی ئابووریی ناوچە هەژارنشینەکان دێنە ئەژمار و بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هەنووکە ٥٠ بازاڕچەی سنووری لە ئێراندا بوونیان هەیە کە زۆرێک لەوانە هیچ ئاڵوێرێکی بازرگانییان تێدا ئەنجام نادرێت.
وێنـــە: شنۆباس
\"12798.jpg\"

\"12800.jpg\"

\"12797.jpg\"