روانگەی حەفتە: لە ماوەی حەفتەی دووەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، ٣٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران‌دا رووی‌داوە

14:06 - 20 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر حەفتە جارێک راپۆرتێک لەژێر ناوی \'\'روانگەی حەفتە\'\' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بڵاو دەکاتەوە.

لە حەفتەی دووەمی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، راپۆرتی حەفتانەی \'\'روانگەی حەفتە\'\'، ئاوڕ لە ٣٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران‌دا دەداتەوە، کە لەناویاندا (٢ حاڵەتی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی، حاڵەتێک مردنی گوماناوی بەندکراوێکی کورد، ٢٥ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و دیارنەبوونی چارەنوسیان، ٦ حاڵەت بەڕێوەچوونی دادگایی و سەپاندی حوکم، حاڵەتێکی کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ و حاڵەتێکی برینداربوون بە هۆی تەقینەوەی مین)، لە خۆی دەگرێت.

\"14528.jpg\"


مانگرتن لە خواردن:

مانگرتن لە خواردنی ٢ بەندکراوی سیاسی کورد لە شاری مەهاباد لە ماوەی حەفتەی رابردوودا

\"14529.jpg\"
دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد بە ناوەکانی\'\'قاسم رەحیمی‌ئازەر\'\' و \'\' جەلال ناسری\'\'، رێکەوتی ١٥ی گەولاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی مانیان لە خواردن گرت.

ئەو دوو زیندانیە سیاسییە لە رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ١٣٨٩ی هەتاوی، بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٦٥ رۆژ لە گرتووخانە بوون، دواتر بە دانانی وەسیقەی ٧٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، دادگای \'\'ئینقلاب\'\'ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد بە سەرپەرەشتی قازی \'\'جەوادی‌کیا\'\' بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، \'\'قاسم رەحیمی ئازەر\'\'ی بە ٨ ساڵ و \'\'جەلال ناسری\'\' بە ٥ ساڵ زیندان، مەحکوم کرد.

دادگای پێداچونەوەی ئوستانی ئازەربایجان، حوکمی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بۆ ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کردەوە، هەنووکە ئەو دوو هاوڵاتییە ماوەی ٢٥ مانگە لە گرتووخانەی شاری مەهاباد ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

\"14530.jpg\"


مردن لەنێو زیندانەکاندا:
بە مردنی زیندانیەکی کورد لە گرتووخانەی سنە، ئاماری تۆمارکراوی مردنی زیندانیانی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران لە ماوەی ١٦ مانگی رابردوودا گەیشتە ٩ کەس.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ، زیندانییەکی کورد بەناوی\'\'خەبات مورادی\'\'، تەمەن ٢٠ ساڵ، لە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندی شاری سنە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست‌دا.

\"14491.jpg\"
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ، زیندانییەکی کورد بەناوی\'\'خەبات مورادی\'\'، تەمەن ٢٠ ساڵ، لە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندی شاری سنە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست‌دا.
بە وتەی هاوبەندییەکی ئەو زیندانییە کوردە،\'\'خەبات مورادی\'\' توشی نەخۆشی \'\'شەکرە(دیابت)\'\' بووە، کە بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان و نەدەانی \"ئەنسولین\" بەناوبراو، گیانی لەدەست داوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٩ زیندانی کورد بە ناوەکانی \'\'موحسن قازی‌زادە، شێرزاد خزری، سامان ئەمینی، محەممەد مەهدی‌زالییە، ئەفشین یاوەری، یەدوڵڵا مەحمودی، محەممەد زەینەتی، نازدار وەیسی و خەبات مورادی\'\' لە زیندانەکانی ئێران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست‌داوە.


\"14531.jpg\"

درێژەی دەستبەسەر کردن و ناڕوونیی بارودۆخی دەستبەسەرکراوان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران:

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لەماوەی حەفتەی رابردوودا بڵاو بوونەتەوە ١٧ هاووڵاتی کورد کە ١٠ کەسیان کۆڵبەر بوون بە تاوانی \'\'ئەمنیەتی\'\' دەستبەسەر و چارەنووسی ٨ هاووڵاتی دیکە کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون نادیارە.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ گەلاوێژ، لە ئەنجامی هێرشی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە خاڵە سنووریەکانی شاری سەوڵاوا لە ئاواییەکانی \'\'دەرەکی\'\' و \'\' دمەیۆ\'\' بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد، ١٠ کۆڵبەر دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن هێـزە نیزامییەکانەوە دراونەتە بەر لێدان و کاڵاکانیانیشیان زەوت کراوە.

ناوی ٨ کەس لەو کۆڵبەرانە \"مەلا سەلمان محەممەدیان کوڕی سەلام،موئمین عەباسی کوڕی ئەمین، عادل حوسێنی کوڕی عەزیز، سەلام قادرنەژاد کوڕی قاسم، ئەسحەن مەحمودی کوڕی سوبحان، نزار مەحمودی کوڕی جەماڵ، بایزید و کاروان کوڕی کامیل\" راگەیاندراوە.

درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان:

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی \'\'هوویە\'\'ی سەربە شاری سنە، بە ناوەکانی \'\'سەردار ئەحمەدی، ئازاد رۆستەمی، بەهمەن رۆستەمی، رۆژین رۆستەمی، جەماڵ رۆستەمی\'\' لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکران.

یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بە ناوی بەهمەن رۆستەمی بە شێوەی کاتی ئازادکراوە و هیچ زانیاریەک لەسەر چوار دەستبەسەرکراوەکەی دیکە لە بەردەستدا نییە.

هەرلەو پەیوەندیەدا رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ، ٦ کەس لە کاربەدەستانی ئەمنییەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سەردەشت چوونەتە ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی \'\'عەبدوڵا عەبدی\'\' دوای گەڕانی ماڵەکەی و ئازاردانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراویان بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر دەسبەسەرکردووە.

پێشتریش هیزە ئەمنییەکان چووبوونە ماڵی عەبدوڵلا عەبدی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەستبەسەر کردبوو.

لە درێژەی ئەو رەوتەدا رۆژی سێ‌شەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \'\'عەلی خالیدیان\'\' خەڵكی شاری دێولان،لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن ناوەندەکانی ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە رانەگەیەندراوە،
دەگوترێت \'\'عەلی خالیدیان بە تۆمەتی \'\' هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' دەستبەسەرکراوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتایی ئەم مانگەوە(گەلاوێژی ١٣٩٢) هەتا ئێستا ١٦١ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

چارەنووسی دەستبەسەرکراوان نادیارە:

٨ هاووڵاتی کوردی دەستبەسەرکراو بە تۆمەتی ئەمنییەتی کە لە خشتەکەی خواروەدا ئاماژەیان پێکراوە هەتا ئێستا چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

\"14536.jpg\"

سەپاندنی حوکم بەسەر رۆژنامەنووسان و چالاکانی کورد لە ماوەی حەفتەی رابردوو:

رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، دادگای ئینقلابی مەهاباد، \'\'قاسم ئەحمەدی\'\' رۆژنامەنووسی کوردی بە چوار ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرد.

\"14492.jpg\"
قاسم ئەحمەدی چالاکی خوێندکاری و سەرنووسەری وەرزنامەی خوێندکاری \'\'رۆژەف\'\'بووە کە لە زانکۆی تاران بڵاو دەکرایەوە، ئەو وەرزنامەیە لە لایەن بەرپرسانی کاروباری فەرهەنگی زانکۆی تارانەوە پێش بە بڵاو کردنەوەی گیرا.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ١٣٩١ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرو دوای ١٦ رۆژ بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرا.

قاسم ئەحمەدی چالاکی خوێندکاری و سەرنووسەری وەرزنامەی خوێندکاری \'\'رۆژەف\'\'بووە کە لە زانکۆی تاران بڵاو دەکرایەوە، ئەو وەرزنامەیە لە لایەن بەرپرسانی کاروباری فەرهەنگی زانکۆی تارانەوە پێش بە بڵاو کردنەوەی گیرا.

درێژەی دەستبەسەرکران و چارەنووسی رۆژنامەنووسانی کورد:

دوای ٥ مانگ لە دەستبەسەرکرانی \'\'مەسعود و خوسرەو کوردپوور\'\' لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ، یەکەمین دانیشتنی دادگایی کرانیان رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ لە دادگایی ئینقلابی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.

لەو دانیشتنەدا قازی لەگەڵ سپاردنی بارمتە بۆ ئازادیی ئەو ٢ رۆژنامە نووسە کوردە دژایەتی کرد و هەتا دانیشتنی دووەمی دادگایی کردنەکەیان ئەو دوو برایە لە زینداندا دەمێننەوە، دووەمین دانیشتنی دادگایی کردنەکەیان پاش ٢ مانگی دیکە بەڕێوەدەچیت.

سەپاندنی حوکمی زیندان بەسەر چالاکانی کڕێکاریی کورد:

\"14532.jpg\"
دوای بانگ کردنی سێ چالاکی کرێکاریی کورد بەناوەکانی \'\'محەممەد مەولایی، یوسف ئاب‌خەرابات و واحید سەیدە\'\' بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد،،دادگای ئینقلاب حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ هەریەک لەوان بڕییەوە.

لەو پەیوەندیەدا و رۆژی یەکشەممە، ٦ی گەلاوێژ لەلایەن دادگایی ئینقلابەوە حوکمی ساڵێك زیندانیی تەعلیقی بەسەر چالاکێکی دیکەی کرێکاری کورد بەناوی \'\'عەلی ئازادی\'\' سەپا.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لەسەرەتای گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاویەوە هەتا ئێستا ٦٦ی هاووڵاتیی کوردی لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندان مەحکووم کراون.

\"14533.jpg\"


کوشتنی کۆڵبەران:

تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی گەلاوێــژ بەهۆی وەرگەڕانی ماشێنی ٢ برای مەهابادی، کەسیكیان بەناوی \"خدر شامحەممەدی\" کوڕی رەحیم دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

شایەتحاڵان راگەیاندووە، هێــزە ئینتزامییەکان تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لە نزیک پردی \"حاجی مامیان\"ـەوە هەتا گوندی \"هەمزاوا\" بەشوێن ئەو ماشێنەدا رۆیشتوون و لە ئەنجامدا ماشێنی ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردە وەرگەڕاوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە هەتا ئێستا بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە هاووڵاتییانی کورد بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ لە ڕێگاکاندا، کوژران و برینداربوونی ٣ هاووڵاتیی لێکەوتەوە.

قوربانیانی مین لە کوردستانی ئێران:

مینە چێندراوەکانی ناوچە سنووریەکانی کوردستانی ئێران، گیانی هاوڵاتییانیان خستە مەترسیەوە:

رێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، تەقینەوەی مین لە دەوروبەری شاری نەوسودی نزیک گوندی شوشمی بووە هۆی برینداربوونی سەربازێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \'\'عادل هاشمی\'\' و دواتریش بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

دوای تێپەڕبوونی ٢٦ ساڵ لە تەواوبوونی شەڕی ئێران و ئێراق هەتا ئێستاش کێڵگە مینەکان هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکەن.

زیاتر لە ٦ ملیۆن هێکتاری خاکی ئێران مین‌ڕێژ کراوەو بەپێی تازەترین ئامارەکان ١٦ میلیۆن مین لە خاکی ئێراندا بوونی هەیە و زۆرترین ژمارەی مینەکانیش لە کوردستان‌دا چێندراون.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتایی ئەم ساڵەوە هەتا ئێستا، ١٨ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوقەی مین کوژراون و بریندار بوون.


\"14534.jpg\"


ئیدارەی ئیتلاعات،رێکخراوی زیندانیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراو و ناوەندە حکوومەتییەکان لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٣٥ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤیان لە ناوچە کوردنشینیەکانی ئێران ئەنجام داوە.

\"14535.jpg\"

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا(٦ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی (٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا (٣ حاڵەت)
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکاریەکان(١ حاڵەت)
ماڵپەڕی پەیام (١ حاڵەت)