روانگەی حەفتە: ٤٤ حاڵەت پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی کۆتایی مانگی رەزبەری ٩٢دا

15:14 - 28 رەزبەر 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر زەق کردنەوەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەرهەق بە هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردییەکانی ئێران حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\"دا بڵاو دەکاتەوە.

لەراپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەشێوەی ئاماریی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دەخرێتە روو.

لەحەفتەی چوارەمی مانگی رەزبەردا راپۆرتی حەفتانەی \"روانگەی حەفتە\"ی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دەپڕژێتە سەر ٤٤ حاڵەت پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بۆ وێنە قوربانی بوونی ٤ هاووڵاتیی کورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ٢٤ حاڵەت دەستبەسەر کردن و ٩ حاڵەتی دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد و هەروەها ٧حاڵەت بریندار بوون بە مین.

\"16158.jpg\"


لێکدانەوە و تاوتوێ‌کردنی حاڵەتەکانی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی کورد بە تەقەی راستەوخۆ و راوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران:

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤‌ی رەزبەر دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی \"قسرک\"‌ی سەر بە شاری ورمێ‌بە ناوەکانی \"رەحمان بەشیری\" کوڕی ئەحمەد و \"وەحید پژوویی\" کوڕی نەعمان، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە دراونەتە بەر گولـلە و بریندار بوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەناوچەی \"سرگر راژان و تورکان کان\" هەڵکەوتوو لە سنووری ئێران ـ تورکیە دەستڕێژییان لێکراوە.

لەلایەکیی دیکەوە رێکەوتی ٢٣‌ی رەزبەر هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە چیای شەهیدان لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ‌ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردییان دابوویە بەر دەستڕێژ.

لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا چەندین سەر ئەسپی بارهەڵگر بە کوشت چووبوون و ژمارەیەک ئەسپی دیکەش لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

راوەدوونانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و کوژران و بریندار بوونی دوو هاووڵاتیی کورد

لەبەخشی \"وەزنێ‌\"‌ی سەر بە سەردەشت دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی \"سەردار و ئیبراهیم ئیبراهیمی\" کە برای یەکتر بوون و لە سنوورەکان سەرقاڵی کاسبی کردن بوون، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشێنەکەیان کەسێکیان گیانی لەدەست دا.

لەئەنجامی ئەو رووداوەدا سەردار ئیبراهیمی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و \"ئیبراهیم\"یش بە توندی بریندار بووە.
ئەم دوو برایە لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزە نیزامییەکاندا بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ١٣٩٢وە هەتا ئێستا ٣٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.

\"16159.jpg\"


تاوتوێ‌کردنی دۆخی زیندانیانی سیاسیی و چالاکانی کوردی دەستبەسەر کراو لەماوەی حەفتەی رابردوودا:

لەماوەی حەفتەی چوارەمی مانگی رەزبەردا دوو زیندانیی لەگرتووخانەی ناوەندی سنە بە هۆی رووخانی یەکێک لەدیوارەکانی ناو گرتووخانەکە گیانیان لەدەست دا.

گیان لەدەست دانی ئەو زیندانییانە، ناڕەزایەتیی هاوبەندییەکانی لێکەوتەوە و لەئەنجامدا هێرشیان کردبووە سەر بەرپرسی زیندان و بریندارییان کردبوو.
لێپرسراوانی زیندانی ناوەندیی سنە، ١٤ زیندانییان بە نیشانەی سزادان رەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان کردبوو.

لەدرێژەدا: دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد

کاوە وەیسی و موختار رەحیمی کە بە ئێعدام مەحکووم کراون، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٧‌ی رەزبەر لەزیندانی رەجایی‌شارەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

لەلایەکی دیکەوە ٥ زیندانیی عەقیدەتی ـ سیاسیی سوننە مەزهەب بە ناوەکانی شەهرام ئەحمەدی، کاوە شەریفی، ئارەش شەریفی، تالب مەلەکی و بێهرووز شانەزەری کە سەرجەمیان لە لقی ٢٨‌ی دادگای ئینقلابی تاران بە ئێعدام حوکم دراون، هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو راپۆرتە نەیانتوانیوە چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٢‌ی رەزبەر ئێدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان حەسەن ئەمینی مامۆستای سوننی مەزهەبی کوردیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان کردبوو و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرابوو.

چالاکییەکانی قوتابخانەی ئیمام بوخارا، نامە ناردن بۆ بەرپرسانی سێ دەزگای دادوەری، یاسادانان و بەڕێوەبەریی ئێران و هەروەها لێدوان بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵات ئەو تۆمەتانە بوون کە درابوونە پاڵ مامۆستا حەسەن ئەمینی.

لەدرێژەی دۆخی نالەباری زیندانیاندا، عەدنان رەشیدی زیندانیی سیاسیی کورد لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە و رۆژ لەدوای رۆژ دۆخی جەستەیی بەرەو خراب بوون دەروات و لێپرسراوانی قەزایی لەگەڵ ئازادی مەرجداری ناوبراو دژایەتیان کردووە.

رەشیدی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٤ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شارستانی مەریوان دەستبەسەر و دوای چوار مانگ راگرتن لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و سنەدا، لە دادگایی کردنێکی چەند خولەکیدا و بێ‌بوونی پارێزەر بە ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١٠ ساڵ دوور خرانەوە بۆ گرتووخانەکانی خوزستان و یەزد حوکم درا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خەمانانەوە هەتا ئێستا ٢٠ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ قەرەنتیەنە و گرتووخانەکانی دیکە راگوێزراون.

\"16160.jpg\"


تاوتوێ‌کردنی حاڵەتەکانی دەستبەسەر کردن و دەرکردنی حوکم بۆ هاووڵاتیانی کورد لەناوچە کودنشینەکانی ئێران لە حەفتەی چوارەمی مانگی رەزبەر:

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠‌ی رەزبەر، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران چوونەتە ئاوایی \"ساوان\"‌ی بانە و دەستییان بە پشکنین ماڵەکان و ئازار و ئەزیەتی دانیشتوانی ئەو ئاواییە کردووە.

بەوتەی شایەتحاڵان، \"ئەو هێزانە وێڕای هەڕەشەی توند لەخەڵکی ساوان، مامۆستای ئاینیی، سێ‌ئەندامی شۆرای ئەو گوندە و هەروەها ٢٠ لاوی ئاوایەکەشیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیارییان راگواستبوون\".

دوابەدوای ئەو رەش‌بگیرییە بەشێکی بەرچاو لەلاوەکانی ئاوایی ساوان لەترسی دەستبەسەرکردنیان، روویان لە چیاکان کردبوو.

هێزە ئەمنیەتییەکان لە تۆڵەی کوژران و بریندار بوونی ٧ ئەندامی سپای پاسداران لەناوچەی بانە، ئەو رەشبگیرییەیان دەست پێکردبوو.

لەلایەکی دیکەوە وەفا قادری چالاکی کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کوردستانەوە حوکمی ٥ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە پێشتر لە دادگای \"ئینقلاب\"ی شاری سنە بە تۆمەتی \"پروپاگەندە بە دژی نیزام\" بە ١ساڵ زیندان حوکم درابوو کە دواتر لەدادگای پێداچوونەوە ئەو بۆ ٥ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ١٣٩٢وە هەتا ئێستا ١٢٣هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە نیزامیی ـ ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

\"16161.jpg\"


لەحەفتەی رابردوودا تەقینەوەی مین لە کۆنە پایەگایەکی سەر بە شاری مەریوان ٧ منداڵی کردە قوربانی:

رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی رەزبەر ٧ منداڵی خەڵکی گوندی \"نشکاش\"ی مەریوان بەهۆی کەوتنە سەر مینە بەجێماوەکانی کۆنەپایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بەتوندی بریندار بوون کە یەکێک لەو منداڵانەش بە ناوی \" گەشین کەریمی\" لاقێکی خۆی لەدەست دا.

هەنووکە \"گەشین کەریمی\" تەمەن ٨ ساڵ رەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی تاران کراوە و ئەو ٦ منداڵەی دیکەش لە نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان لە ژێر چاودێریی پزیشکی‌دان.

لە حەفتەی رابردوودا ٤٤ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە:

ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەکان و دەزگای قەزایی، ئەو ناوەندە حکوومەتییانە بوون کە دەستیان لە ٤٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییاندا هەبووە.

\"16162.jpg\"


سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٥ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا ( ٢ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا ( ١حاڵەت)
کۆمیتەی هاوەدنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان ( ١ حاڵەت)
\"16163.jpg\"