روانگەی حەفتە: ١٧ حاڵەت پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی سێیەمی مانگی خەزەڵوەری٩٢دا

13:30 - 23 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر زەق کردنەوەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەرهەق بە هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردییەکانی ئێران حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\"دا بڵاو دەکاتەوە.

لەراپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەشێوەی ئاماریی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دەخرێتە روو.

لەحەفتەی سێیەمی مانگی خەزەڵوەردا راپۆرتی حەفتانەی \"روانگەی حەفتە\" دەپرژێتە سەر ١٧حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بۆ وێنە : ٨ حاڵەتی لەسێدارەدان، ٢ حاڵەتی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتیانی کورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، ٥ حاڵەت دەستبەسەرکران و ٢ حاڵەت دۆخی نالەباری زیندانیان و چالاکانی سیاسیی.

\"16767.jpg\"

تاوتوێ‌کردنی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە شەپۆلی ئێعدامەکان

لەناوچەکوردنشینەکانی ئێران لەماوەی حەفتەی سێیەمی خەزەڵوەردا:

رۆژی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، شێرکۆ مەعارفی زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی شاری سەقز لەسێدارە درا.

شێرکۆ مەعارفی رێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٧ دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسیە لە دادگای پێداچوونەوە و دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابوویەوە و دوای کێشانی پێنج ساڵ زیندانی، حوکمەکەی بەڕێوە چوو.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێ‌شەممە ١٤ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی کورد بەناوی ئەحمەد سەیف پەناهی کوڕی عەلی لەگرتووخانەی شاری سنە لەسێدارەدرا. ئەو هاووڵاتییە بە تاوانی \"قەتل\" لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئێعدام حوکم درابوو.

لەدرێژەدا: ئێعدامی ٦ زیندانی دیکەی کورد لەگرتووخانەکانی دیزڵ ئابادی کرماشان و ناوەندیی ورمێ‌لەسێدارە دراون.

رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر عەزیز پیرۆتی ئازەر خەڵکی سەردەشت، لەگرتووخانەی ناوەندی ورمێ‌بەتاوانی کڕین و فرۆشی مادە سڕکەرەکان حوکمی سێدارەکەی بەڕێوە چوو.

لەماوەی حەفتەی رابردوودا حوکمی ئێعدامی پێنج هاووڵاتیی دیکەی کورد بە تاوانی قەتل لەگرتووخانەی دیزڵ‌ئابادی کرماشان بەڕێوە چووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا حوکمی ئێعدامی ٢٢ هاووڵاتیی کورد بەڕێوە چووە.

\"16768.jpg\"

تاوتوێ‌کردنی حاڵەتەکانی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتیانی کورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێسلامی ئێران ـ حەفتەی سێیەمی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی:

چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی کورد بەناوی بارزان سەلیم‌نژاد تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی \"میدانان\"‌ی سەر بە سەردەشت، لە شارستانی رەبەت درابوویە بەر دەستڕێژ و دەست لەجێ‌گیانی لەدەست دابوو.

بەوتەی شایەتحاڵان ئەو هاووڵاتییە کوردە تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاغ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێکرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەناوی ئاکۆ ئەحمەدپوور کوڕی مەحموود لەئاوایی \"سوێروێ\"‌ی سەر بەسەردەشت کەوتبووە بەر تەقەی هێزە نیزامییەکان و بە توندی بریندار کرابوو.

دەستبەسەرداگرتن بەسەر باری کۆڵبەران و تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ هاووڵاتیانی کورد

دوابەدوای زەوت کردنی بەزۆرەملێ‌کەلوپەلی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لەئاوایی شرکان لەنەوسوود، تێکهەڵچوون لەنێوان ئەو هێزانە و دانیشتوانی ئاوایی \"نروێ‌\" هاتۆتە ئاراوە.

دانیشتوانی ئاوایی نروێ‌توانیوانە کەلوپەلی زەوت کراوی کۆڵبەرانی ئاوایی شرکان لەهێزە نیزامییەکان بستێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە لەحەفتەی رابردوودا لەناوچە سنوورییەکانی \"گەردنەی گاو کوژە\"‌ی نەوسوود، ژمارەیەک هاووڵاتیی و کاسبکار دراونەتە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا ٧ سەر ئەسپی بارهەڵگر بەکوشت چوون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندەی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١١هاووڵاتیی کورد بەتەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێسلامیی ئێرانەوە کوژراون و ١٩ی دیکەش بریندار کراون.

\"16769.jpg\"

تاوتوێ‌کردنی دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد لەگرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران:

مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی ورمێ‌ئەگەری ئێعدام کردنی لەئارادایە و برای ئەو زیندانییە سیاسییە رایگەیاندووە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر بنەماڵەکەمان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە ئەگەری ئێعدام کردنی مەنسوور لەئارادایە.

ئیسماعیل ئاروەند وتوویەتی: پارێزەری مەنسوور \"تەسخیری\" بووە و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا نەمانتوانیوە پێوەندیی پێوە بگرین چونکە ژمارە موبایلەکەی گۆڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر چالاکێکی سیاسیی دیکە بەناوی محەممەدئەمین ئاگووشی لەزیندانی زاهیدان مانی لەخواردن گرتووە.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لەئێران، هۆکاری مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییەیان گەڕاندۆتەوە بۆ پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دژایەتیی لەگەڵ مەرەخسیەکەی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٧ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ قەرەنتینە و گرتووخانەکانی دیکە راگوێزراون.

\"16770.jpg\"

تاوتوێ‌کردنی حاڵەتەکانی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لەحەفتەی سێیەمی مانگی خەزەڵوەردا:

وریا تاسە چالاکی خوێندکاریی لەزانکۆی پەیام نووری مەریوان رۆژی سێ‌شەممە ١٤ی خەزەڵوەر لەخۆپیشاندانەکانی شاری مەریوان کە بەنیشانە ناڕەزایەتیی دەربڕین بە ئێعدامەکان بەڕێوە چوو، لەگەڵ دانا لەنج‌ئابادی دەستبەسەرکرابوو و دوای راگرتنی لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بۆ زیندانی گشتیی ئەو شارە راگوێزرابوو.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی ١٣ی خەزەڵوەر هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دوو هاووڵاتیی کوردیان بەناوەکانی کەژاڵ هۆژەبری و هیوا هۆژەبری لە ئاوایی \"بەردە رەش\"‌ی مەریوان دەستبەسەر کردبوو.

عەلی دانش هاوسەری کەژاڵ هۆژەبری بەهۆی چالاکی سیاسیی و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکان بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشتووە.

زیندانی کردنی مامۆستایەکی ئاینیی لەماڵەکەی خۆیدا لەشاری بۆکان:

\"لوقمان پەرستش\" مامۆستای ئاینیی خەڵکی شاری بۆکان بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەیدا زیندانی کراوە و هێندێک کەلوپەلی شەخسیی وەکوو کتێب و کۆمپیوتێری ناوبراو لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان تاوانی ئەو مامۆستا ئایینە کە بە \"هێمن بانەیی\" ناسراوە، هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی ئیسلامی و تەبلیغ بۆ ئەو حیزبە لە کاتی گوتاربێژیی نێو مزگەتەکان، راگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥٢ هاووڵاتیی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستبەسەر کراون.

لە حەفتەی رابردوودا ١٧ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە:

ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەکان و دەزگای قەزایی، ئەو ناوەندە حکوومەتییانە بوون کە دەستیان لە ١٧حاڵەت پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییاندا هەبووە.

\"16771.jpg\"

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٨ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی (١حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا(١ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
\"16772.jpg\"