روانسەر/هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیان دەستبەسەر کرد

13:25 - 10 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری روانسەر، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"سیروس مەنسووری\" تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری روانسەر لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیرووش مەنسووری خێزاندار بووە، کە رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردوو، رێکەوتی ٥ی رەشەمە، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لەو شارە دەستبەسەر کراوە.

رێکەوتی ١ و ٢ی رەشەمەی ئەمساڵ، هێزە ئیتلاعاتیەکان ٦ کەسی خەڵکی شاری روانسەریان بەناوەکانی \"ئارام سلێمانی تەمەن ٢٤ ساڵ، مەهدی وەیسی تەمەن ٣٠ ساڵ، شارۆخ و شاپوور (برا)، عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد و هیدایەت\" دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ ئەو ٦ کەسە گیراوەی خەڵکی شاری روانسەر رەوانەی زیندانی ئەمنیەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان کراون.

دەگوترێت، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو ٦ کەسەیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کردووە.