كرماشان/ چاوپێكەوتنی عەلی یوونسی لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵگەی یارسان

16:50 - 26 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: دانیشتنی كۆمەڵێک لە پەیڕەوانی ئاینیی یاری لەگەڵ راوێژكاری تایبەتی حەسەن روحانی بۆ كاروباری كەمیتە ئیتنیكی و مەزهەبییەكان لە ئوستانداریی كرماشان بە بێ‌ئەنجامێكی روون كۆتایی پێهات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 25‌ی جۆزەردان ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حكوومەتی لەكرماشان، لەگەڵ نوێنەرانی خەڵكی یارسان چاوپێكەوتنیان ئەنجلم دا و تیایدا دوایین بارودۆخی هاووڵاتیانی كوردی پەیڕەوی ئایینی یاری تاوتوێ‌كراوە.

لەو دانیشتنەدا عەلی یوونسی سەبارەت بە پێشێڵكارییەكانی مافی هاووڵاتیانی كورد بەتایبەت یارسانەكان دواوە وگوتوویەتی: تەنیا هێندێک‌لەمپەڕی دەستكرد بۆتە هۆی ئەوەی كە ئەو كێشانە دروست ببێت.

راوێژكاری تایبەتی حەسەن رۆحانی \"باسی لە ساڵڤەگەڕی سەركەوتنی دەوڵەتی یازدەیەم كردووە\" و هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو كە هەتا دوو مانگی دیكە یاسای مافی هاووڵاتی بوون بڵاو دەكرێتەوە.

\"20565.jpg\"
عەلی یوونسی، راوێژكاری تایبەتی حەسەن روحانی بۆ كاروباری كەمیتە ئیتنیكی و مەزهەبییەكان
عەلی یوونسی، هەڵبژاردنەكانی جۆزەردانی ساڵی رابردووی بە \" گۆڕان لەچارەنووسی نەتەوەی ئێران\" ناودێڕ كردووە و باسی لەوەش كردووە، سەركۆمار بۆ خۆی بە بەردەوامی رایگەیاندووە، كەسێكی \" ئێعتەدال خوازە\" و هیچكات نەیوتووە كە رێفۆرمخوازە.

لەو دانیشتنەدا ئوستانداری كرماشانیش لەمەڕ یارسانەكان قسەی كردووە و هیوای ئەوەی خواستووە كە دۆخی ژیانیان بەرەوباشتربوون بڕوات.

سەرجەم میدیا حکوومەتییەکان ئەو دانیشتنەیان رووماڵ كردووە، بەڵام هەر دەزگایەكی راگەیاندن بەتێڕوانینێكی جیاواز باسیان لەو كۆبوونەوە كردووە.

ئەو دانیشتنە لەحاڵێكدایە، كە كۆڕی راوێژی چالاكانی مەدەنیی یارسان لە بەیاننیەیەكدا رەخنەیان لەو هەڵویست و كۆبوونەوەیە گرتووە.

بەپێی ئەو بەیانییەیە، نوێنەرانی یارسان لەو كۆبوونەوەیەدا، كەسانێكی دیاری كراو و ئینتسابی بووە و تەنانەت ناوی ئەو كەسانەی كە ئیزنیان نەبووە بچنە كۆبوونەوەكە بە نیگابانی بەردەرگای ئوستانداریی درابوو، هەتا پێش لە چوونە ژووریان بگرن.

كۆڕی راوێژی چالاكانی مەدەنیی یارسان، بەڕێوەبەرانی كۆبوونەوەكەیان بەتایبەت جێگری سیاسی ـ ئەمنیەتییان بە ئاژاوە نانەوە لەنێوان هاووڵاتیانی كوردی پەیڕەوی ئاینیی یاری تاوانبار كردووە.

ئازەرمی جێگری ئوستانداری کرماشان رایگەیاندبوو: کەمینە مەزهەبی‌یەکان لەگەڵ ئەوەی کە حەشیمەتێکی بەرچاویشن، کەمترین کێشە و گرفتیان پێک‌هێناوە.

نوێنەر و گەورەی کۆمەڵگەی یارسان لە بەەرەبەری ساڵمەرگی نیکمەرد تاهیری، حەسەن رەزەوی و محەممەد قەنبەری هاووڵاتییانی یارسانی‌دا چاویان بە لێپرسراوانی حکوومەتی کەوت، کە دوو رۆژ بەرلە بەرێوەچوونی رێوڕەسمەکە، جێگری بەرپرسی ئەمنیەتیی ئوستاندار داوای کردبوو، کە ساڵیادی خۆسووتاندنی ئەو سێ کەسە \"تەنیا لە چوارچێوەی فاتیحا خوێندن و بەبێ گوتاربێژی\" بەرێوەبچێت.

لەبەشیکی دیکەی نامەکانی کۆڕێ راوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارساندا هاتووە: بە سەرنجدان بەوەیکە، داخوازیی یارسانییەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، بە بەردەوامی هاتۆتە بەرباس و بەرپرسانی حکوومەتیشی لێ ئاگادار کراونەتەوەو هاوکات لەگەڵ دەزگای بەڕێوەبەریی و راپەڕاندنی حکوومەتیش رێکەوتن کراوە، هەنووکە داوا لە بەرپرسان دەکەین، کە بەڵێنییەکانی خۆیان جێبەجی بکەن و چیدیکە مافەکانی ئێمە پشت گوێ مەخەن.

مانگی رەزبەری ساڵی رابردووش شاندێکی یارسانییەکان چاویان بە عەلی لاریجانی کەوت، کە سیاوەش حەیاتی یەکێک لە چالاکانی یارسانی و بەشداری ئەو شاندە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"ئێمە سەرەتا کێشەی هاووڵاتییانی یارسانیمان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەگەڵ هێنایە بەر باس و دواتر پرسی ئایینی یارسان لە ئێران و مافی هاووڵاتی بوونی یارسانییەکانمان هێنایە گۆڕێ\".

یارسانییەکان لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێراندا وەکوو کەمینەیەکی ئایینی بە فەرمی نەناسراون و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەوڵەتی ئێران ئەو کەمینە ئایینی‌یەی وەکوو \"فیرقە(تاقم)\" ئاماژەیان پێکراوە، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی یارسانییەکان و ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێرانی لێ کەوتۆتەوە.