كرماشان بێكارترین ئوستانی ئێران

13:47 - 14 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: لەماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا رێژەی بێكاری لە ئوستانی كرماشان لە سەدا ٥ چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە و ژمارەی پێوانەیی بێكارترین ئوستانی وڵاتی ئێرانی تۆمار کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێژەی بێكاریی لەئوستانی كرماشان لەماوەی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا گەیشتۆتە ١٥.٣% كە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە.

ئوستانداری كرماشان ئەو قەیرانەی خستۆتە ئەستۆی بەرپرسانی ئەو پارێزگایەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەو قسانەی ئیبراهیم رەزایی بابادیی، نوێنەری ئیسلام ئابادی غەرب لە مەجلیسی ئیسلامی، گرینگی دان بە پرسە لاوەكییەكان و روانینی سیاسی بۆ كێشەكانی ئوستانی لە هۆكارە سەرەكییەكانی بێكاری لەقەڵەم داوە.

عەلی جەلیلیان بە هەواڵدەریی مێهری راگەیاندووە، لە دۆخێكی ئاوادا كە بەڕێوەبەرانی ئوستان توانایی تێپەڕاندنی قەیرانەكانیان نیە، ناكرێ‌چاوەڕوانی ئەوەش نەبین كە لەكرماشان بێكاری نەبێت.

\"24005.jpg\"
بەپێی ئامارە فەرمییەكانی ناوەندی ئاماری ئێران لە كۆتایی هاوینی ٩٢، كرماشان بە ١٠.٥% بێكار خشتەی ئوستانە بێكارەكاندا پلەی پانزدەیەمی هەبووە
كارناسێكی ئابووری دەڵێت، روانینە حیزبی و جەناحیەكان وای كردووە كە بەڕێوەبەران زۆر بە سووك لە پڕۆژەكان بڕوانین و هاوكاتیش باسی لە نەبوونی بەرنامەیەكی گشتی و ورد بەمەبەستی دابینكردنی هەلی كار لە كرماشان كردووە.

فەرهاد سۆهرابی باسی لەوەش كردووە، هیچ خوێتدنەوە و پێش بینیەك بۆ داهاتووی هەلی كار لە ئوستانی كرماشان بوونی نیە.

ناساندنی كرماشان وەكوو بێكارترین ئوستانی ئێران لەحاڵێكدایە كە بەپێی ئامارە فەرمییەكانی ناوەندی ئاماری ئێران لە كۆتایی هاوینی ٩٢، كرماشان بە ١٠.٥% بێكار خشتەی ئوستانە بێكارەكاندا پلەی پانزدەیەمی هەبووە.

ئەمە لەحاڵێكدایە كە بەرپرسانی حكوومەتی كرماشان بە ستراتیژیترین ئوستانی رۆژئاوایی تاو دەبن كە توانای رەخساندنی هەلی كار و بازرگانی كردنی هەیە.

لەحاڵی حازردا نزیك بە لەسەدا ٥٠ی هەناردەی وڵاتی ئێران بۆ عێراق لە دەروازە سنوورییەكانی كرماشانەوە ئەنجام دەدرێت.