راگەیەندراو/ بەردەوامیی فشار بۆ سەر یارسانییەکان، کارەساتی ئینسانیی لێدەکەوێتەوە

17:00 - 20 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای خۆکوژیی سەربازێکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان لە پادگانێکی شاری بیجاڕ، کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسانی راگەیندراوێکی بڵاو کردەوە.

لەراگەیەندراوەکەدا باس لە \"هەڵاواردنی هاووڵاتییانی یارسانی\" کراوە و بەرەوامیی رەوتی فشارەکانیان بە \"کارەساتی ئینسانی\" لەقەڵەم داوە.

\"19236.jpg\"
حیکەمت سەفەری بەهۆی فشاری فەرماندەرانی سوپای پاسدارانەوە خۆی کوشت
شەوی یەکشەممەی رابردوو، حیکمەت سەفەری بەهۆی فشاری فەرماندەرانی سوپای پاسداران بۆ نوێژ کردن و تاشینی سمێڵی، کە بە پێچەوانەی بیروباوەڕی یارسانی‌یە، لە پادگانی سوپای پاسداران لە شاری بیجار کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
دەقی ئەو نامەیە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە کراوەتە کوردی:

ئەوەڵ یار و ئاخر یار
خەڵکی بەشەرەفی ئێران و یارانی هێژا

هەروەک چاوەڕوان دەکراو دەیان جار هۆشداری درابوو، لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی کێشە و گرفتێک کە بەرهەمی هەڵاواردنی و پەراوێز خستنی خەڵکی یارسانی بێت، ئەم کێشەیە بەرەو قەیرانێکی کۆنتڕۆڵ نەکرا دەچێت و کاردانەوە و دژکردەوەی چاوەڕوان نەکراوی بەدواوە دەبێت.

بەداخەوە کاتژمیر ٩ی شەوی ١٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ رۆڵەیەکی یارسانیمان لە عێڵی قەڵخانی بەناوی حیکمەت سەفەری کوڕی ئیبراهیم، کە لە پادگانی سوپای پاسدارانی شاری بیجاڕ سەرباز بوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە فشاری فەرماندە نیزامییەکان و سووکایەتی‌یە ئایینیەکانیان، بە زەبری چەکەکەی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. ئەمەش لە حاڵێکدابوو کە حەفتەی بەر لەو رووداوە، حیکمەت سەفەری بنەماڵەکەی لەو مەسەلەیە ئاگادار کردبوویەوە و لە نووسراوەیەکدا رایگەیاندبوو کە بەهۆی سووکایەتیی فەرماندە نیزامییەکان بە ئایین و خەڵکی یارسان دەیهەوێ هەوڵی خۆکوژی بدات. هەرچەند هیچ کەس نەیتوانی ئەو لە بڕیارەکەی پاشگەز بکاتەوە.

بەڵێ، لە رێکەوتی ١٩ی خاکەلیوەدا تەرمی ئەم گیانبەختکردووە یارسانییە بە بەشداریی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.

کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی بە بەشداریی چالاکانە لەو رێوڕەسمەدا، وێرای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی \"سەفەری\"، ئەرکی خۆی بەجی گەیاندووەو وتەبێژی کۆڕی راوێژکاری روو لە لێپرسراوانی حکوومەتی ونیزامی، لەو رێوڕەسمەدا ناڕەزایەتیی خەڵکی یارسانی سەبارەت بەو هەڵاواردن و فشارە بەردەوامانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەنیشبەت خەڵکی یراسانەوە دەربڕی.

کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی یارسانی لەم رێگەیەوە روو لە تێکڕای ئەو ناوەند و ئینسانانەی کە پشتیوانیی لە مافی ئینسان دەکەن؛ رایدەگەیەنێت کە؛ بەردەوامیی فشارەکان و بێ ماف کردنانەی ئەم دوواییە، کارەساتێکی ئینسانیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە داوا داوا لە سەرجەم بەرپرسانی وەکوو \"سەرۆکی مەجلیسی ئێران (بەپێی رێکەوتنی پێشتر)، سەرۆک ککۆمار (بەپێی بەڵێن‌نامەکانی کاتی هەڵبژاردن) و ئەو بەرپرسانەی کە بەڵێنیی چارەسەر کردنی کێشەی هاووڵاتییانی یارسانیان دا، دەکات کە بەڵێنییەکانی خۆیان جێبەجێ بکات و لەمە زیاتر ئەم قەیرانە قوڵتر نەکەنەوە.

کۆڕی راوێژکاری خۆی بە ئەرکدار دەزانێت، کە لە ئەگەری بەردەوامی ئەم رەوتە، بەپیی برگە و ماددە دەستوورییەکانی یاسای بنەڕەتی بۆ ناڕەزایەتی دەبڕین بە پێشێلکاریی مافی خۆیان کەڵک وەربگرێت.

هەروەها داوا لە تێکڕای یارانی فیداکار دەکات، کە کۆتایی بە رەوتی خۆکوشتن و خۆسووتاندن بێنن و تێکەڵ بە بزووتنەوەی مەدەنی و یاسایی یارانی خۆیان بن.

کۆڕی راوێژکاریی چالاکنی مەدەنیی یارسان
١٩ خاکەلیوەی ١٣٩٣ی هەتاوی