راگواستنی کەژاڵ هوژەبری بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە

20:23 - 19 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کەژال هوژەبری هاوسەری یەکێک لە چالاکانی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، پاش ٤ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەژاڵ هوژەبری هاوسەری عەلی دانش چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، رۆژی پێنج‌شممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە لایەن مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرا.

\"16670.jpg\"
کەژاڵ هوژەبری رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەریوانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی عەلی دانش بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کەژاڵ هوژەبری رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەریوانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە.

کەژاڵ هوژەبری کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ١١ ساڵ ، مەتین تەمەن ٦ساڵ و لاوێن تەمەن ٥ ساڵ‌هەیە و هەنووکە ئەو منداڵانە بێ سەرپەرست ماونەتەوە\".

پێشتریش کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردبوو کە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.

عەلی دانش تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی \"بەردە رەشی\"ی شاری مەریوان لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.