راگواستنی ژنە زیندانیی سیاسیی کورد بۆ زیندانی یاسووج

14:06 - 21 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری \"وان\" لە کوردستانی تورکیە، لە زیندانی شاری \"ورمێ\"ـەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی شاری یاسووج راگوێـزرا.

قەدریە قادری تەمەن ٢٦ ساڵ کە پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێـزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـرانەوە لە شاری ورمێ دەستەبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکە کەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە دەستبەسەری‌دا بوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی یاسووج گوازرایەوە.

دەگوترێت کە سەرەڕای ئەوەی شۆرای نێو زیندان رەزامەندی لەگەڵ ئازادیی قەدریە دەربریبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان بە بیانووی ئەوەی کە وەزارەت ئیتلاعات لەو پەیوەندییەدا دەبێ بڕیاری کۆتایی بدات، لەگەڵ ئازادیی ناوبراو دژایەتییان کردبوو.

ئەو ژنە زیندانییە کوردەی خەڵکی کوردستانی تورکیە، بە تۆمەتی تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی-دا، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراو دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەوحوکمە بۆ ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی یاسووج گۆڕدرا.

کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە کە قەدریە قادری لە نێوەڕاست مانگی گەڵاوێژی ئەمساڵدا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ بەندی ژنانی زیندانی شاری یاسووج راگوێزرا.

هەروەها رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی خەرمانانی ئەمساڵ، رۆژین پایا ژنە زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ورمێ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی یاسوج گوازرایەوە.

رۆژین پایا خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ورمێ‌یە کە ساڵی ١٣٨٩ بە تاوانی ئەندامەتی و لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران دەستبەسەر و لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی ورمێ‌وە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.