راپۆرت/ وەرزی بەهاری كوردستان هاوكات بوو لەگەڵ ٤١٠ حاڵەت پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ

21:24 - 2 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: راپۆرتی سێ‌مانگەی ئاماریی كوردپا دەپرژێتە سەر پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران.

ئەو راپۆرتە شیكاری- ئامارییە ٤١٠ حاڵەت پێشێڵكاریی مافی مرۆڤی لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران(تایبەت بە بەهاری ١٣٩٣) لەخۆ گرتووە.

ئاماری تۆمار، كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بە پشت بەستن بە سەرچاوە دیار و باوەڕپێكراوەكان بووە و ئەو شیكاریی ـ ئامارییە لەو راپۆرتە تەنیا بەشێوەی ژمارە و رەقەم پێشكەش دەكرێ‌و سەرجەم ناوەكان لەبەر دەستی ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا دایە.

خشتەی (١)
حاڵەتەكانی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەناوچە كوردنشینەكان (بەهاری ١٣٩٣)

\"20716.jpg\"

بەپێی خشتەی ١، لەبەهاری ١٣٩٣‌دا سەرجەم ٤١٠ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران رووی داوە، كە بە بەراورد لەگەڵ بەهاری ١٣٩٢ی هەتاوی، ٧٨% (واتە ٢٣٠ حاڵەت) زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەو زیادبوونە لەحاڵێكدایە كە حەسەن روحانی بە هێنانە بەرباسی گەڵاڵەی مافی مرۆڤ، كە پێشتر لەژێر یاساكانی ئێراندا رێكخرابوو، بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانێ‌.

بەڵام بەم پێیەی كە راپۆرتەكەی ئەحمەد شەهیدیشدا هاتووە ئەو گەڵاڵەیە ناتوانێ‌یارمەتیدەری باشتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بە تایبەت كەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەكان بدات.

هەر لەو گەڵاڵەیەدا هیچ باسێک لە كەڵک وەرگرتن لە سزا بێ‌بەزەیانە و نامرۆییەكانی وەكوو قامچی لێدان، لەسێدارەدان، بەردەباران و بڕینەوەی ئەندامی جەستە نەكراوە و تەنانەت لەسێدارەدانی مێرمنداڵانیش قەدەغە ناكات و هەروەها نەیتوانیوە سزای سێدارە كەم بكاتەوە كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان ئەو تاوانانە سزای لەسێدارەدانیان نیە.

ئەحمەد شەهید لە دوایین راپۆرتی خۆیدا بەشێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا باسی لەوە كردبوو، كە پێكهاتەی دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رێگرە لە بەرەوپێشەڤەچوونی مافی مرۆڤ لەئێران.

هەروەها بەرپرسی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردبوو، بڕینی ئەندامانی جەستە، ئەشكەنجە، سزای لەسێدارەدان، دەستبەسەركردنە سەرەڕۆكان و دادگایی كرنە نادادپەروەرانەكان لە ئێران جێگای نیگەرانین.

بان كی مۆن لەدرێژەدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بە نیسبەت نەبوونی دەست پێڕانەگەیشتنی زیندانیان بە بێهداشت و دەوا و دەرمان لە زیندانەكاندا، رایگەیاندبوو: \"بەرپرسانی زیندان خۆیان لە ناردنی زیندانیانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە و چارەسەركردنی نەخۆشییەکانیان دەبوێرن\".

لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا باسی لە دۆخی نالەباری نێو زیندانەکان، ئەشكەنجە و بەتایبەت ئێران و حكوومەتی ئیسلامیی كردووە و رایگەیاندووە، بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لەرێگەی ئەشكەنجە و لێدانەوە زیندانیان ناچار بە دانپێدانان دەكەن و لەو رێگەیەوە ئێعترافیان لێ‌وەردەگرن، ئێعترافێكی ناچاری و زۆرەملێ‌كە ئەنجامەكەی سزای لەسێدارەدانە.

بەپێی مادەی ٣٣‌ی كۆنڤانسیۆنی \"شێوازەکانی هەڵسوكەوت لەگەڵ زیندانیان\"، سزای جەستەیی، خستنە ناو زیندانی تاكەكەسیی، سزادانی بێ‌بەزەییانە و نامرۆڤانە یان سووكایەتی پێكردن بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

لەكۆی گشتیی ٩٦ زیندانی، كە لەناو گرتووخانەكاندا مانیان گرتووە، ٧٢ كەسیان زیندانی سیاسی و ٢٤یان زیندان عەقیدەتین.

لەدرێژەی ئەو راپۆرتەدا و قوربانی بوونی هاووڵاتییان بە هۆی تەقینەوەی مین، لەنێو هاووڵاتیانی قوربانیی رووداوی تەقینەوەی مین، منداڵێكی تەمەن ١٠ ساڵان بەر چاو دەكەوێت.

لەپێوەندیی ئەو هاووڵاتیانەی كە بە هۆی كەمترخەمی پزیشكی گیانیان لەدەست داوە، دوو كۆرپەلە و داێكێک لەنێو ئامارەكەدا هەیە، كە بە هۆی كەمترخەمی و دۆخی خراب و نالەباری نەخۆشخانەكان گیانیان لەدەست داوە.

خشتەی (٢)
چوارچێوەی چالاكیی حاڵەتەكانی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەناوچەكوردنشینەكانی ئێران(بەهاری ١٣٩٣)

\"20717.jpg\"

لەو خشتەیەدا زۆرترین رێژەی حاڵەتەكانی پێشڵكردنی مافی مرۆڤ تەرخان كراوە، بە ٨٠ كەس لە چالاكانی مەزهەبی ـ عەقیدەتی، كە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی لەسێدارەدانی چوار زیندانی كوردی عەقیدەتی مانیان لەخواردن گرتووە.

ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لەئێران پراژابوویە سەر پێشێلكاریی مافی كەمینەكانی وەكوو، بەهایی، مەسیحی، سوننی مەزهەب یان گرووپە قەومییەكانی دیكە و هەروەها ژنان و رۆژنامەنووسان و خوازیاری دەستپێڕاگەیشتنی تاوانباران بە دادگایی كردنێكی دادپەروەرانە و سەربەخۆ بوونی دەزگای قەزایی و پارێزەرەكان و بەڕێوەچوونی رەوتی قەزایی هاوتەریب لەگەڵ یاسا جیهانییەكان ببوو.

خشتەی (٣)
ئەو ناوەندانەی كە دەستیان لەپێشێڵكاریەكاندا هەیە(بەهاری ١٣٩٣)

\"20718.jpg\"

لەشێوەی هەڵسوكەوتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بێجگە لە هێزی ئینتزامیی وەكوو ناوەندێكی فەرمی، رێكخراوەكانی وەكوو ئیدارەی ئیتلاعات، سوپا، بەسیج و هێزە سەرەڕۆکان (ناسراو بە لیباس شەخسییەكان)، كە لەراستیدا سەر بە رێكخراوی یەكەمن، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بێ‌ مۆڵەتی یاسایی و حوكمی دەزگا قەزاییەكان هاووڵاتیان دەستبەسەر بكەن.

تاوتوێ‌كردنی تێڕوانینی دەزگا ئەمنییەكان لەحكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا دەرخەری ئەوەیە، كە بە نهێنی راگرتنی هاووڵاتیانی دەستبەسەركراو، سێ‌ئامانجی دیاری كراوی هەیە:

ـ ئاشكرا نەكردنی مەرگی كەسی دەستبەسەركراو بە هۆی ئەشكەنجە و بە میدیای نەبوونی ئەو حاڵەتە.

ـ پێشگرتن لە لێكۆڵینەوە، سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەنووسی كەسی دەستبەسەركراو یان شوێنی دەستبەسەركردن و هەروەها رەت كردنەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنەكەی.

ـ دروست كردنی كەش و هەوای ترس و توقاندن بەمەبەستی وەرگرتنی ئێعترافی زۆرە ملێ‌و سەپاندنی تۆمەتی دڵخوازی خۆیان.

خشتەی (٤)
شێوەی دەستبەسەركردنی هاووڵاتیان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی ـ ئینتزامییەكان

\"20719.jpg\"

بەپێی ئامارەكان، ٧٩ كەس لە دەستبەسەركراوەكان، شوێنی راگرتن و چارەنووسیان نادیار بووە.

راگەیەنداروی جیهانی بەرگری لە تاک \" دیار نەمان و نەبوونی زانیاری لەسەر چارەنووسی دەستبەسەركراوەكان\" بە هۆكاری خۆبواردن و نەهێشتنی ئەنجامدانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر دەستبەسەركراوەكە دەزانێ‌ و ئەو تێڕاونینەی بە لاواز كردنی بایەخەكان لە كۆمەڵگە و \" تاوان دژی مرۆڤایەتی\" لە قەڵەمی داوە.

لەخشتەی (٤) هۆكاری دەستبەسەركردنی ٤١ كەس ناڕوون بووە. ئەمە لەحاڵێكدایە كە یاسای بنەڕەتی لەئێران دەستبەسەركردنی سەرەڕۆیانە قەدەغە دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە پێویستە دەستبەسەركراوەكان بە شێوەی نووسراوە \"تەفهیمی ئیتهام\" بكرێن.

سێ‌كەس لە كۆی گشتیی دەستبەسەركراوەكان لەكاتی دەستبەسەركردندا كەلوپەلەكانیانیشان زەوت كراون.

ئەمە لەحاڵێكدایە كە بە پێی مادەی ٢٤ لە ئاینی دادرەسی كەیفەری، پشكنینی ماڵ، شوێن و زەوت كردنی كەلوپەل دەبێ‌بە مۆڵەتی دەزگا قەزاییەكان بێت. لەنێوان ئەو كەسانەدا ٧ كەسیش لەكاتی دەستبەسەركردنیاندا كەوتوونەتە بەر لێدان و سووكایەتی پێكردن.

ئەمە لەحاڵێكدایە كە بەبەندی ٦ لەیاسای رێزگرتن لە مافی هاووڵاتیی، هەر چەشنە ئەزیەت و ئازاری هاووڵاتیان لەكاتی دەستبەسەركردنیاندا قەدەغەیە.

خشتەی (٥)
شێوازی كوژران و برینداربوونی كۆڵبەران و هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكوردنشینەكانی ئێران(بەهاری ١٣٩٣)

\"20720.jpg\"

زۆرترین رێژەی كۆڵبەران و هاووڵاتیان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانەوە بوونەتە قوربانی و هەروەها رێژەی كوژراوان لە برینداربوان زیاترە.

دابەش كردنی نادادپەروەرانەی سامان و سروەت و لەبەرچاو نەگرتنی ئەسلی ٤٤‌ی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی ئیسلامی، لاوازیی ئابووری و گەشە نەكردن، نەبوونی سەرمایەگوزار و روانینی ئەمنییەتی بوونەتە هۆی دروست بوونی هەژاری و بێ‌داهاتی و سەرهەڵدانی دیاردەی كۆڵبەری.

كۆڵبەران، كە تەمەنیان لەنێوان ١٣ هەتا ٦٠ ساڵدایە، لە بێبەشترین و هەژارترین توێژی كۆمەڵگەن، کە لە سنوورەکان هێندێ‌كاڵای وەكوو چای، سیگار و كەلوپەلی دەنگی و رەنگی بە پشتی خۆیان دەگوازنەوە.

ئەحمەد شەهید كوشتنی ئەو كۆڵبەرانەی بە \" قەتڵە بان قەزاییەكان\" ناودێڕ كردووە، ناوبراو پێشتریش ئاماژەی بە دۆخی ژیانی كۆڵبەران و \"كوشتنی سیستماتیكی\" ئەوان كردبوو.

هێزە نیزامیەیكان لەكاتێكدا تەقە لە كۆڵبەران دەكەن كە سزای ئەوان كوشتن نیە و دەكرێ‌زیندانی بكرێن یان بە سزای نەختی مەحكوومیان بكەن.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كۆڵبەران بە هۆی راگواستنی كاڵای قاچاغ بە تاوانبار دەزانێ‌.

بە پێی مادەی ٧ لەیاسای بەكارهێنانی چەك لەلایەن هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێرانەوە، پێشتر دەبێ‌ئاگادار كردنەوە (اختار) بە كەسی تاوانبار یان گومان لێكراو بدرێ‌و ئەگەر ئەنجامی نەبوو لە قۆناغی دووهەمدا تەقەی هەوایی بكرێ‌و ئەگەر تەسلیم نەبوو لە كەمەر بۆ خوارێ‌بپێكرێ‌و كاتێك تەقە لەكەمەر بەرەو خوار دەكرێ‌تەنیا دەبێ‌لەلاقی بدرێت‌.

لەحاڵێكدا ئەو مادە یاساییە نەتەنیا لەبەچاو ناگیرێ،‌بەڵكوو جێگری فەرماندەی هێزە ئینتزامی رایگەیاندووە، لەمەوبەدوا ئەو كۆڵبەرانەی كە لەناوچە سنوورییەكان كار بكەن، رەحمیان پێ‌ناكرێ‌و تەقەیان لێ‌دەكرێت.

بەپێی بەندی \"الف\" لە مادەی ٢‌ی یاسای قاچاغ، ئەگەر كاڵایەك كەمتر لە یەك میلیۆن تمەن نرخی هەبێ،‌ئەوە ناچێتە چوارچێوەی كەلوپەلی قاچاغەوە و سزای نیە و زۆربەی ئەو كاڵایانەی كە كۆڵبەران بە پشتیان هەڵیدەگرن كەمتر لە پارە دیارە كراوە بایەخیان هەیە.
كوشتنی ئەسپی بارهەڵگر

كوشتنی ئەسپە بارهەڵگرەكان بۆتە پرسێكی گرینگ و تراژدیك، بە كوشت چوونی ١٥ سەر ئەسپی بارهەڵگر بە تەقەی هێزە نیزامییەكان دەرخەری ئەوەیە، كە ئەو هێزانە بێجگە لە كوشتنی مرۆڤەكان كوشتنی ئەسپی بارهەڵگریشیان لێ بۆتە كارێكی ئاسایی رۆژانە.

نرخی هەر ئەسپێك سێ‌میلیۆن تمەن مەزەندە كراوە.

خشتەی (٦)
هۆكاری مانگرتنی زیندانیانی سیاسی ـ عەقیدەتیی كورد (بەهاری ٩٣)

\"20721.jpg\"

دۆخی زیندانەكان لەئێران زۆر نالەبارە و لەزۆربەی حاڵەتەكاندا زیندانیان بە مەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە مافەكانیان ناچار بە مانگرتن دەبن.

زۆربەی ئەوان مافی بوونی پارێزەر، مەرەخسی و چاەپێكەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەكانیان نییە و نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و دوورخستنەوە و راگواستنە یەك لەدوای یەكەكان دۆخی زیندانی بۆ زیندانیان زۆر نالەبار كردووە.

لەپێوەندی لەگەڵ مەترسیی لەسێدارەدانی ٤ زیندانی عەقیدەتی، ٨٠ كەس لەزیندانیانی سوننی مەزهەب، بە مەبەستی پشتیوانی لەو چوار زیندانییە مانیان گرتووە.

زیندانیانی سیاسی ـ عەقیدەتی كورد لەئێران بە تاوانی \"ئەمنیەتی\" زیندانی كراون و زیندانەكانی ئێران لەدۆخێكی زۆر نالەبار و خراب دان.

بەپێی بڕیارنامەی ژانویەی ٢٠١٤‌ی یەكیەتیی ئورووپا، مافی مرۆڤ لەئێران بە بەردەوامی لەگەڵ پێشێڵكاریی بەربڵاو بەرەوڕوویە.

گەڵاڵەی \"تاوانی سیاسی\" كەلە مەجلیس لەحاڵی تاوتوێ‌ كردن دایە، تاوانی سیاسی بەم شێوەیە پێناسە دەكات: \" هەر كات هەڵسوكەوتێک بە مەبەستی رەخنە و ژێر پێ‌نانی كاركردی دەسەڵات روو بدات و بێ‌ئەوەی زەبر و خەساری بە بنەما و چوارچێوەی نیزامی ئیسلامیی ئێران گەیاندبێ‌، بە تاوانی سیاسی ئەژمار دێت\".

هێڵکاری (١)

\"20722.jpg\"

ئەو ئامارە رێژەییە و هیچ ئاماژەیەكی بۆ لەسەرەوە بوون یان خوارەوە بوونی پێشێڵكاریەیكان نییە، بەڵكوو دوورەدەستی هێندێ‌لەناوچەكان و پەراوێز خستن و پشت گوێ‌خستنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆتە هۆی كێشەی زیاتر لەوێ‌بخولقێ‌و ئەوەش پێشێڵكاریی زیاتری مافی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەكۆتاییدا دەتوانین بڵێین بە حوكمی هەبوونی كەش و هەوای ئەمنیەتی، بەتایبەت لە کوردستانات، تەنیا گۆشەیەک لە حاڵەتەكانی پێشێڵكاریی مافی مرۆڤ رەنگدانەوەی میدیاییان هەبووەو زۆر حاڵەتیش هەیە كە بە سیاسەتی سیستماتیكی حكوومەتی پێشێڵ دەكرێ‌و رووماڵ ناكرێ‌.

كەڵک وەرگرتن لەو راپۆرتە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوەكەی رێگە پێدراوە.