راپۆرت/ سەردانی بارزانی بۆ ئەمریکا و داهاتووی سیاسیی هەرێمی کوردستان

ئاژانسی کوردپا: مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی پێکهاتوو لە وەزیرەکانی ئەو هەرێمە، لەسەر بانگهێشتی بەرپرسانی ئەمریکا سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد، ئەو سەردانە لەلایەن سیاسەتڤانانەوە بە گرینگ وەسف کراوە.

مەسعوود بارزانی لەو سەردانەیدا چاوی بە چەندین بەرپرسی باڵا وەکوو باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا، جۆ بایدن جێگری سەرکۆمار، ئەشتۆن کارتر وەزیری بەرگری و تۆنی بڵینکن جێگری وەزارەتی دەرەوە کەوتووە.

بارزانی بێجگە لەو چاوپێکەوتنە سیاسییانە، لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵێک لە کۆمپانیا نەوتی و بازرگانییەکانی ئەمریکاش دانیشتووە و پرسی داهاتووی ئابووریی کوردستانی لەگەڵ تاوتوێ کردوون.

پرسی رزگارکردنی مووسڵ لە چنگ داعش، بەهێزکردنی جێگە و پێگەی کورد لە بەغدا و داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو چەند خاڵەن کە بە وتەی فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێم و ئەمریکادا هاتوونەتە بەر باس.

\"26354.jpg\"
فوئاد حوسێن: داهاتووی عێراق بۆ کورد زۆر گرینگە، چونکە ئەو داهاتوویە بەندە بە ئایندەی کوردستانیشەوە
فوئاد حوسێن لە لێداونێکدا بۆ میدیاکانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتە روو، داهاتووی عێراق بۆ کورد زۆر گرینگە، چونکە ئەو داهاتوویە بەندە بە ئایندەی کوردستانیشەوە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم باسی لەوەش کردووە، بۆ ئێمەی کورد زۆر گرینگە کە بزانین داهاتووی کورد بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت و مەبەستیش لە سەردانەکە ئەوەیە کە ئاخۆ بزانین عێراق بە یەکپارچەیی دەمێنێتەوە، یان دابەش دەکرێت.

چەند رۆژ لەمەوبەر حکوومەتی ئێران لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی خۆی باسی لەدابەش کردنی عێراق کردبوو، بە پێی لێدوانەکانی موحسین رەزایی و عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی لەبەرپرسانی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، مووسڵ دەکرێتە پایتەختی بەشی باکوور، بەغدا دەکرێتە پایتەختی بەشی ناوەڕاست و بەسرەش دەکرێتە بەشی باشووری عێراق.

ئەو سەردانە و دەنگ و باسانە سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئێران، نیگەرانیی لای شیعەکانی عێراقیش دروست کرد و هەمووی ئەو دڵەڕاوکێیانە لە کاتێک دایە چەند رۆژ لەمەوبەر کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە کۆنگرێس پڕۆژە یاسایەکیان پەسند کرد کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو پێویستە لەگەڵ کوردستان وەکوو دەوڵەتێک هەڵسوکەوت بکرێت.

چاوپێکەوتنی بارزانی و ئۆباما

\"26353.jpg\"
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆبووەوە
بارزانی شەوی رابردوو کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەک بە کاتی هەولێر و کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی سێ‌شەممە (رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ) بەکاتی واشینگتۆن لە کۆشکی سپی چاوی بە ئۆباما کەوت، بەپێی ئەو زانیاراییانەی بڵاو ببوونەوە، بڕیار بوو ئەو چاوپێکەوتنە ٢٠ خولەک بخایەنێ، بەڵام چاوپێکەوتنەکە بە دوور لەچاوی کامێراکان و زیاتر لە ٢ کاتژمێر درێژەی هەبوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاش ئەو چاوپێکەوتنە لە ناوەندی بازرگانیی ئەمریكا وتارێكی به‌زمانی كوردی پێشكه‌ش كرد و تێیدا سەرەتا سپاس و پیزانینی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بە حکوومەتی ئەمریکا راگەیاند.

بارزانی باسی لەوەش کرد، چاوپێکەوتنەکەمان لەگەڵ ئۆباما، جۆ بایدن و سەرجەم بەرپرسانی ئەمریکا زۆر سەرکەوتوو بووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، پێشمەرگە هەتا ئێستا توانیویەتی ٢٠ هەزار کیلۆمیتر خاک لە ژێردەستی داعش دەربهێنێت و هەیبەتی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شکێنرا.

بارزانی ئاشكراشی كردووە: كوردستان ئێستا بووەتە‌ په‌ناگەیه‌ک بۆ یه‌ك میلیۆن و نیو لێقه‌وماو و لەو خاکەدا بە ئازادی و ئارامی ژیان بەسەر دەبەن و نەشیشاردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا ئه‌ركی ئینسانی و‌ نیشتیمانی لەسەر شانە.

مەسعوود بارزانی لەماوەی ١٠ ساڵ بەرپرسیاریەتییدا لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا، چوار جار لەسەر بانگهێشتی بەرپرسانی ئەمریکا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

یەکەم سەردانی بارزانی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ئەمریکا ئەنجام دراوە و ئەو کات لەلایەن جۆرج بووشەوە سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکاوە پێشوازی لێکرابوو. لەسەرجەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا پرسی کورد و داهاتووی عێراق ناوەڕۆکی دانیشتنەکان بووە.