راپۆرت/ بەڕێوەچوون و پشتڕاست کردنەوەی حوکمی سێدارەی ٩ زیندانیی سیاسیی کورد، لەماوەی دەسەڵاتداریی رۆحانیدا

15:13 - 12 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی سێ‌مانگ دەسەڵاتدارییەتیی حەسەن رۆحانی وەک سەرکۆماریی حکوومەتی ئێران، ٢ زیندانیی سیاسیی کورد لەسێدارە دراون و هەروەها حوکمی لەسێدارەدانی ٧ زیندانیی سیاسیی کوردی دیکەش لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٢ خەزەڵوەر سێ‌مانگ بەسەر دەسەڵاتداریەتیی حەسەن رۆحانی وەک سەرکۆماری تازە هەڵبژێردراوی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەژێر دروشمی \"تدبیر و امید\"‌دا تێپەڕ دەبێ‌و بەوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ : \"لەو ماوەیەدا زەخت و گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسیی کورد بە بەراورد لەگەڵ پێش لە دەسەڵاتدارییەتی رۆحانی کەمی نەکردووە و رەوتی لەسێدارەدانەکانی چالاکانی سیاسیی کوردستانی ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە\".

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٩٠ رۆژ دەسەڵاتداریەتیی رۆحانیدا( ١٢ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ هەتا ١٢ی مانگی خەزەڵوەر):

ـ حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور و رەزا ئیسماعیلی زیندانیانی سیاسیی کورد لەسێدارە دراون
ـ سابیر موخەلید ماوانە، محەممەد عەبدوڵڵاهی، سیراوان نژاوی، ئیبراهیم عیساپوور، مەنسوور ئاروەند، سامان نەسیم و ئارمان پەرویزی لەزیندانیانی سیاسی کورد، لەلایەن \"دیوانی باڵای وڵاتی ئێران\"‌ـەنەوە پشتڕاست حوکمی لەسێدارەدانیان کراوەتەوە.

حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور تەمەن ٢٩ ساڵ، خەڵکی شاری سنە و زیندانیی سیاسیی کورد، پاش چوار ساڵ راگیران لەزیندان، شەوی هەینی رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەر لەزیندانی ناوەندیی ورمێ حوکمی سێدارەکەی بەڕێوەچوو.

گوڵپەری‌پوور پاییزی ساڵی ١٣٨٨ ی هەتاوی لەشاری مەهاباد دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تاوانی ئەندامەتی لەیەکێک لە \"حیزبە کوردییەکان\" حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە.

هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی حەبیبوڵڵا، زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد بەناوی \"رەزا ئیسماعیلی\" تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی ناوچەی سەڵماس بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لەحیزبە کوردییەکان لەزیندانی ئەو شارە لەسێدارە درابوو.

پشتڕاست کردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ٧ زیندانیی سیاسیی کورد ( ١٢ی گەلاوێژ ـ ١٢ی خەزەڵوەر)

\"16532.jpg\"
سیراوان نژاوی دانیشتووی کەرەج، ئیبراهیم عیساپوور خەڵکی سەردەشت، مەنسوور ئاروەند خەڵکی مەهاباد، سامان نەسیم خەڵکی مەریوان چوار زیندانیی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی ورمێ‌، چەند رۆژ لەمەوبەر حوکمی لەسێدارەدانەکەیان لەلایەن دیوانی باڵاوی وڵاتی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا محەممەد عەبدوڵڵاهی زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کورد و خەڵکی بۆکان، لەگرتووخانەی مەهاباد و سابیر موخەلید ماوانە خەڵکی ورمێ‌لەزیندانی بۆکان، بەشێوەی زارەکی حوکمی سێدارەکەیان پێیان راگەیەندراوە و ئارمان پەرویزی خەڵکی مەهاباد زیندانییەکەی سیاسی دیکەیە کە لەلایەن دادگای شاری \"رەشت\"ـەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

تاوانی ئەو ٧ چالاکە سیاسیە کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی ـ قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە \"محاربە و ئەندامەتیان لەیەکێک لەحیزبە سیاسییەکانی کورد\"دا راگەیەندراوە.

٢٥ زیندانیی سیاسیی کورد حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، بەگشتیی ٢٥ چالاکی سیاسیی کورد کە هەنووکە لەزیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دان، چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارە دانن.

ئەو ٢٥ زیندانییە سیاسییە بە تاوانەکانی \" محاربە، ئەندامەتی لەیەکێک لەحیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی ئێرانەوە بە سێدارە مەحکووم کراون.

\"16531.jpg\"


بەردەوامیی ئێعدامەکان لەئێران

\"16533.jpg\"
ئاماری لەسێدارەدانەکان لەئێران لە ماوەی سێ‌مانگ دەسەڵاتداریەتیی دەوڵەتی \"تدبیر و امید\"ی رۆحانیدا:

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی( ‌١٢ی گەلاوێژ ـ ١٢‌ی خەزەڵوەر) ٢٢٥ هاووڵاتیی لەئێران لەسێدارە دراون.

لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە لەئێعدام کراوەکان، ١٢ کەسیان ژن بووە و هەروەها ٢٧ کەسیشیان هاووڵاتیی کورد بوون.

دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی سەرجەم ئەو ٢٢٥ کەسیان بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان، کوشتنی بە ئەنقەست (قتل عمد) و دەستدرێژی جینسی راگەیاندبوو.

هەر لەو ماوەیەشدا ٢٥ هاووڵاتیی لەئێران حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە.

نیگەرانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کورد

دوابەدوای رەوتی بەردەوامی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەکان لەئێران، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کورد ترسی ئەوەیان هەیە کە حوکمی سێدارەی رۆڵەکانیان جێبەجێ‌بکرێت و ئەو نیگەرانییە لای چالاکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانی مەنسوور ئاروەند و لوقمان و زانیار مورادی زۆر زیاترە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی ورمێەوە بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزراوە و چالاکانی مافی مرۆڤ لەو باوەڕەدان ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارە درانی لەئارادایە.

هەر لەو پێوەندییەدا ئیمام جومعەی مەریوان چەند رۆژ لەمەوبەر هەوڵەکانی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی هەرچی خێراتری حوکمی لە سیدارەدانی لوقمان و زانیار موردای خستبۆوە گەڕ.

ئیمام جومعەی شاری مەریوان بە بەردەوامی ئیدیعای ئەوەی‌کردووە کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کوڕەکەیان کوشتووە، ئیدیعایەک کە لەلایەن زانیار و لوقمانەوە رەت کراوەتەوە.