راپۆرت نەخوێندەواری لەکوردستان بووەتە قەیرانێکی چارەسەر نەکراو

16:03 - 20 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندە بارهێنان و پەروەردەییەکانی حکوومەتی ئێران لە زیاتر لە ١٠٠ هەزار نەخوێندەوار لە ئوستانی کوردستان بوونی هەیە.

دروشمی \"منداڵانی بێبەش لەخوێندن، نەخوێندەوارانی داهاتوون\" بووەتە دروشمی سەرەکیی چالاکانی کۆمەڵایەتیی و مەدەنیی و ئەو چالاکانەش لەو باوەڕەدان، ئوستانی کوردستان بە پاشگری وشەی \"فەرهەنگی\" هەنووکە لەگەڵ گرێ‌کوێرەیەک بە ناوی \"قەیرانی نەخوێندەواری\" بەرەوڕوویە.

بەپێی لێداوانی جێگری ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کوردستان، لەو ئوستانەدا١١٠ هەزار نەخوێندەوار کە تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ٤٩ ساڵە، بوونی هەیە.

ئەکبەر عەزیمی لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارس رایگەیاندبوو، ناوەندەکانی فێرکاریی لەهەوڵی ئەوەدان کە هەتا کۆتایی بەرنامەی پێنجەمی دەوڵەت، نەخوێندەواری لەئوستانی کوردستان‌دا بن‌بڕ بکەن.

هەر لەو پێوەندییەدا ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی ٢٨٦ هەزار نەخوێندەوار لە ئوستانی کوردستان دەکەن.

لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١١١ هەزار کەسیان تەمەنیان لەژێر ٥٠ ساڵ دایە و ئەوانی دیکەش تەمەنیان سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە.

بەوتەی چالاکانی مەدەنی، سەرەڕای ئەوەی‌ کە نەخوێندەواری کێشە بۆ خۆدی ئەو کەسە دەخوڵقێنێ‌، دەتوانێ ببێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی و هەروەها کاریگەریی لەسەر ژیانی فەرهەنگی، سیاسیی و ئابووری کۆمەڵگەش دادەنێت.

رێژەی نەخوێندەواری لەئاستی ئێران

رێکخراوی فێرکاریی \"سەواد ئامووزی\" حکوومەتی ئێران ئاماری نەخوێندەوارانی لەئاستی ئێراندا دوو میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس راگەیاندووە و لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسیان، ژنان پێکی دێنن.

لەلایەکی دیکەوە سایتی \"خەبەر ئانلاین\" لەهەواڵێکدا بڵاوی کردبووە، لەئێران زیاتر لە ٥ میلیۆن نەخوێندەوار کە تەمەنیان لە ژێر ٤٩ ساڵدایە، بوونی هەیە.

بە پشت بەستن بە ئامارە نافەرمییەکان، ئوستانی سیمنان بە ٩٥%ی خوێندەواری ژن و ئوستان سیستان و بەلووچێستان بە 65% ژنانی نەخوێندەوار، بە ریز پلەی یەکەمیان لە بواری خوێندەواری و نەخوێندەواری ژنان لەئاستی ئێراندا هەیە.

سەرەڕای ئەوەی لێپرسراوانی پەروەردەیی ئێران بە بەردەوامی بانگەشەی بن‌بڕ کردنی نەخوێندەوارییان ،هەتا کۆتایی بەرنامەی پێنجەم، کردووە، بەڵام کارناسانی پەروەردە لەو باوەڕەدان بن‌بڕ کردنی نەخوێندەواری بەشێوەی کۆن و نەریتی ٧٥ ساڵ دەخایەنێت.

زیاد بوونی منداڵانی کار بە ریزی نەخوێندەواران
بە وتەی موجتەبا ئەحیایی کارناسی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو منداڵانەی کە بە هۆی کارکردنەوە لە خوێندن دادەبڕێن و دوور دەکەونەوە، بە ریزی نەخوێندەواران زیاد دەبەن.

ئەو کارناسە منداڵانی کاری بە نەخوێندەوارانی داهاتوو لەقەڵەم داوە و وتوویەتی: بە بوونی ئەو منداڵانە هیچ کات نەخوێندەواری و \"هەژاریی فەرهەنگی\" لە کۆمەڵگەی ئێراندا بن‌بڕ ناکرێت.

ئەحیاییان رێگەچارەی بن‌بڕ کردنی نەخوێندەواری لەئێرانی بە چارەسەر کردنی پرسی منداڵانی کار زانیوە.

ئەو کارناسە ئەوەشی خستۆتە روو، تەنیا لە \"ناحیە\"‌ی ٢‌ی شاری سنە زیاتر لە 8هەزار نەخوێندەوار بوونی هەیە و بەشێک لەو نەخوێندەوارانە منداڵانی کارن.