راپۆرتێک لەسەر گرانی لە پیرانشار و گەندەڵی ماڵی لە ئیدارە حکوومەتییەکان

16:28 - 1 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: گرانی و کەمیی مادە خۆراکییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، باری گوزەرانی هاووڵاتییانی بەرەوڕووی ئاستەنگ کردۆتەوە و هاوکات گەندەڵیی بەرپرسانی حکوومەتیش لە کوردستان گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە پیرانشار، مادە خۆراکییەکان جیا لە گران بوون ڕووی لە کەمیش کردووە و ئەم مەسەلەیەش نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان و بازاڕیان دروست کردووە.

یەکێک لە دانیشتوانی پیرانشار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: نرخی پێداویستیی رۆژانە، رۆژ لە دوای رۆژ دەچێتە سەرێ و بەم هۆیەوە زۆربەی بنەماڵەکان بەرەوڕووی گرفت و نیگەرانی بوونەتەوە و هەروەها نابەرپرسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئەو گرفت و نیگەرانییانەی چەندین قات زیاتر کردووە.

\"11172.jpg\"
بەپێی ئەو راپۆرتە نرخی هەر \"نان\"ێک ١٢٥ تمەن، رۆنی ١٦ کیلۆیی ٦٥٠٠٠ تمەن، کیلۆیەک پستە ٣٤٠٠٠ تمەن، کیلۆیەک مۆز ٤٥٠٠ تمەن و کیلۆیەک تەماتە بە ٢٥٠٠ تمەن لە نێو بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، گەندەڵیی دەزگا حکوومەتییەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو زیاتر بوون دەچێت و لەم نێوانەدا گەندڵیی ئیدارەی بەتایبەتی لە شارەوانیی پیرانشار زیاتر ئاشکرا دەبن.

کەسێکی باوەڕ پێکراو ئاشكرای کردووە، لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا، ٢٦٠ میلیۆن تمەن لە بودجەی ئاوەدانکردنەوەی پیرانشار لەلایەن لێپرسراوانی حکوومەتییەوە دزراوە و بەهۆی نزیکی لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا لێپرسینەوەیان لێنەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرجەم دەرمانخانەکانی شاری سنووریی پیرانشار لەگەڵ کەمیی دەوا و دەرمان بەرەوڕوو بوونەتەوە و تەنانەت دەرمانەکانی دروستکراوی ئێرانیش رووی لە کەمی کردووە و هاووڵاتییان بۆ دابین کردنی دەوا و دەرمان روو لە شارەکانی دیکە دەکەن.

\"11173.jpg\"
بەپێی ئەو راپۆرتە نرخی هەر لێترێک بەنزین بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو لە ٤٠٠ تمەنەوە بۆ ٧٠٠ تمەن رووی لە زیادبوون کردووە.
دوێنێ دووشەممە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس لە ئامارێکدا بڵاوی کردەوە، کە نرخی هەڵاوسان لە وڵاتی ئێران لە ٢١% زیاترە کە بەپێی ئەو ئامارە ئێران لە نێو ولاتانی ناوچەدا لە پلەی یەکەم و لە نێو وڵاتانی جیهاندا لە پلەی شەشەم دایە.