راپۆرتێک لەسەر هاووڵاتیانی ئێرانی مەحکووم بەئێعدام لەدەرەوەی وڵات

14:13 - 17 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپێی لێدوانەکانی لێپرسراوانی چین و مالێزی ٨٠ هاووڵاتیی ئێرانی بە تاوانی بازرگانی کردن بە مادە سڕکەرەکان لەو دوو وڵاتە بە ئێعدام مەحکووم کراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جێگری کۆمیسیۆنی نەتەوەیی خەبات بە دژی مادە سرکەڕەکانی چین لەدیدار لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی وتوویەتی: ١٠ ئێرانی بە تاوانی کرین و فرۆشی مادە سڕکەرەکان، لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی چینەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

بوونی ئەو ١٠ هاوولاتییە ئێرانییە لەزیندانەکانی چین و مەحکووم بوونیان بە ئێعدام لەحاڵێکدایە کە ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەی ئێرانیش بەتاوانی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوە لەگرتووخانەکانی وڵاتی مالێزی دان.

لەو پێوەندییەدا پۆلیسی مالێزی رایگەیاندووە، هاووڵاتییانی ئێرانی بە بەردەوامی سەرقاڵی هێنانی مادە سرکەڕەکان بۆ وڵاتی ئێمەن.

لانیکەم ٤٠٠ کەسی ئێرانی بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان لەگرتووخانەکانی وڵاتی مالێزی دان و بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ ئەو زیندانیانە لە دۆخێکی زۆر ناڵەبار دان.

چەند رۆژ لەمەوبەر دوو ژنی ئێرانی بەناوەکانی شەهرزاد تەمەن ٣١ ساڵ و \"ندا\" تەمەن ٣٣ ساڵ دوای کێشانی سێ‌مانگ زیندانیی، لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی وڵاتی مالێزییەوە بەئێعدام مەحکووم کران.

ئەو دوو ژنە ئێرانییە سەرجەم چوار کیلۆ و نیو مادەی هۆشبەری \"ئامفنتامین\"‌یان پێ‌گیرابوو.

بە پێی یاساکانی وڵاتی مالێزی هەر کەسێک کە هەڵگری ٥٠ گرم مادەی سڕکەر بێت بە تاونبار لەقەڵەم دەدرێت و سزای هەیە.

دۆخی زیندانیانی ژن لە گرتووخانەکانی مالێزی

\"15900.jpg\"
لەحاڵی حازردا ٣٠ هەتا ٣٥ زیندانیی ژن کە سەرجەمیان خەڵکی ئێرانن و تەمەنیان لە نێوان ٢٦ بۆ ٦٥ ساڵە دایە ، لەزیندانەکانی \"کوالالامپوور\" دان.

ماڵپەڕی \"دویچەولە\" بڵاوی کردووەتەوە، پۆلیس و دەزگا قەزاییەکانی وڵاتی مالێزی تاوانی بەشێکی بەرچاو لەو ژنانەیان مادە سڕکەرەکان راگەیاندووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو ژنانە لەدۆخێکی زۆر ناڵەباری جەستەیی و تەندروستی دان و لە هەر ژوورێکی ٣ هەتا ٤ میتریدا، ١٥ کەسی تێ‌دا راگیراوە.

بەشێک لەو ژنە ئێرانیانە تووشی نەخۆشی پێستی \"گوراب\" کە جۆرێکە لە قارچ، بوون.

لەم دوایانەدا کە زیندانیانی ئێرانی لەگرتووخانەکانی مالێزیدا روویان لەزیاد بوون کردووە، باڵوێزخانەی حکوومەتی ئێران لەو وڵاتە هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ چارەسەریی کێشەی زیندانیانی ئێرانی نەداوە.

ژنێکی زیندانیی کە بەم دواییانە ئازاد کراوە بە \"دویچەولە\"‌ی وتبوو، \"نوێنەری وڵاتانی دیکە بە بەردەوامی سەردانی زیندانیان دەکرد، بەڵام نوێنەرانی حکوومەتی ئێران لەو کارە خۆیان دەبوارد\".

بەگشتیی ٧٠ هاووڵاتیی ئێرانی لەوڵاتی مالێزی حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە و چاوەڕوانی جێبەجێ‌کردنی حوکمەکانیانن.