راپۆرتێک لەسەر بارودۆخی سیاسیی سەلەفییەکان لەکوردستان + وتووێـــژ

00:21 - 11 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کەسانی شارەزا و ئاگادار لەسەر مەسەلەی گروپە سەلەفییەکان لە وڵاتی ئێــران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو گروپانە لە ئێستادا بەچەشنێک بارودۆخی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەبەر چاو دەگرن و بە کەمترین مەترسی بۆ سەر ئیدیۆلۆژیی ئەو حکوومەتە ئەژمار دەکرێن.

لە کۆتایی حەفتەی رابردوودا بەهمەن ئەحمەد ئەموویی رۆژنامەنووسی زیندانی کراوی سەربە بزووتنەوەی سەوز لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، هەنووکە نزیک بە ٢٠٠ کەس لە کوردەکانی سەربە رێکخراوی ئەلقاعیدە و رێکخراوەو گروپە سەلەفییەکانی ئێــراق، ئەفغانستان و پاکستان، لە زیندانەکانی ئێران بەتایبەت لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجدا راگیراون.

ئەو رۆژنامەنوسەی کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرجدا راگیراوە، ئەو کەسانەی بە گروپی توندئاژۆ، تیرۆریست و شەڕخواز لە قەلەم داوە.

کورد و سەلەفییەکان:
\"14311.jpg\"
شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەلەفییەکان سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان و لە نزیک شاری سلێمانی، هەڵەبجە و بیارە سەریان هەڵدا و چالاکییەکانی خۆیان دەست پێکرد و لە نێواراستی دەیەی ٧٠ی هەتاوی بە پشتیوانیی سپای پاسداران و پێکهێنانی \"میرنشینی ئیسلامیی کوردستان\" قۆناخێکی نوێیان لە چالاکییەکانی خۆیان دەست پێ کردەوە.

زستانی ساڵی ١٣٨١ هەتاوی لە ئەنجامی هێرشی ئەرتەشی ئامریکا و حیزبە نەتەوەییەکانی کوردستانی ئێــراق بۆسەر بنکە و بارەگای گروپە سەلەفییەکانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان، زۆربەی سەلەفییەکان پەڕیوەی سنوورەکانی ئێــران بوون و بەپشتیوانیی ناڕاستەوخۆی سپای پاسداران، سەرەتا لە گوندی دزڵی و دواتر لە گوندی \"یەکشەوە\"ی سەقز دامەزران.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین هەواڵ و راپۆرت بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە کە لاوانی کورد لە وڵاتانی ئەفغانستان، پاکستان و ئێـراق لەژێــر ناوی \"جیهاد بەدژی کفر\" خۆیان تەقاندۆتەوە.

\"14304.jpg\"
موختار زارعی ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە گروپە سەلەفییەکانی کوردستان بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: سەلەفییەکان زۆر بەکەمی فۆرم و پێکهاتە لەبەر چاو دەگرن و جێبەجێ کردنی بڕیار و دەستووراتی ئیسلامی لەسەرووی هەموو ئەرکەکانیانەوە دادەنێن.

سەلەفییەکان لە کوردستان رێکخراوە ئیسلامییەکانی هاوشێوەی \"ئیخوان\"ـەکان رەت ئەکەنەوە و حیزب و رێکخراوە بە دیاردەیەکی رۆژئاوایی لە قەڵەم ئەدەن و بەگشتی سرینەوەی حیزب لە چوارچێوەی کارەکانیان دایە.

زارعی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەیکە بۆخۆیان لەگەڵ دامەزرانی حیزب و رێکخراو دژایەتیی سەلەفییەکان ، بەڵام بۆ خۆیان لە چەندین حیزب و رێکخراوەدا چالاکی دەکەن و هاوکات لەگەڵ هەموو جۆرە بڕیارێکی گشتی و راستییەک دژایەتی دەکەن\".

ئەو چالاکە مەدەنییەی کورد سەبارەت بە پێگەی جەماوەریی تاقمە سەلەفییەکان رایگەیاند، ئەو دەستەو تاقمە سەلەفییانە لە کوردستان پێگەیەکی تایبەتییان نییەو تەنیا لە گوندەکان و گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکاندا بەشیوەی پەرتەوازە چالاکی دەکەن\".

روانگەی سەلەفییەت لەسەر پرسی نەتەوایەتی

بیرۆکەی ناسیۆنالیستی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە وەک سەمبول سەیر دەکرێت.

\"14306.jpg\"
سەلەفییەکان وەک بەشێک لە رێکخراوی ئەلقاعیدە بەگشتی لەگەڵ مەسەلەی نەتەوایەتی دژایەتی دەکەن و لە ئاوەها حاڵەتێکدا مەسەلەی ئۆممەتی ئیسلامی دێننە گۆڕێ.

موختار هۆشمەند لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، سەلەفییەکان هیچ چەشنە رەسەنایەتیەکیان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا نییە و پرسی نەتەوایەتی بە مەترسی و هەڕەشە بۆسەر ئیدیۆلۆژیی خۆیان سەیر دەکەن.

ئەو چالاکە کوردە راشیگەیاند: \"سەلەفییەکان تەنانەت لەگەڵ ئەو چەند ئەنجومەن و NGOیانەی کە بەشێوەیەک لە راستای پرسی نەتەوایەتیدا سەقاڵی چالاکین، دژایەتی دەکەن و لەناو بردنی ئەو ئەنجومەنانە بە ئەرکی مەزهەبیی خۆیان دەزانن\".

لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە رەوتە مەزهەبییەکانی دیکە لە کوردستان روانگەیەکی جیاوازتریان لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی هەیە کە دەکرێ وەک بەرچاوترین رەوت لەو پەیوەندیەدا ئاماژە بە \"مەکتەبی قورئانی کوردستان\" بە رێبەرایەتیی حەسەن ئەمینی بکەین کە بە رەوتێکی نەتەوەیی – مەزهەبی ناسراوە.

هەروەها ماوەیەک پیش ئێستا پێش نوێژی مزگەوتی \"خاتەمولئەنبیا\"ی شاری جوانڕۆ سەبارەت بە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندبوو، \"کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ئاستی جیهاندان کە لە دەوڵەتی نەتوەی بێبەرین، بۆیە پێویستە پشتگیریی لە دەوڵەتی خودموختاری کوردستان بکرێت\".

سەلەفییەکانی و دەسەڵاتی ئێــران:
سپای پاسداران دوابەدوای ئاڵوگۆڕەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی لە کوردستانی ئێــراق و دەسەڵاتی لاوازی حیزبە نەتەوەییەکان لەو ناوچەیە، بەردەوام لە هەوڵی رێکخستنی تاقم و گروپە ئیسلامییەکاندا بووە و لە چەندین قۆناخی جیاوازدا بۆتە پەنا و پشتیوانی گرووپە سەلەفییەکان.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تێڕوانینی ناوەندە نیزامی و ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران بە نیسبەت گرووپە سەلەفییەکان لە کوردستانی ئێــران ئاڵوگۆڕی بەخۆیەوە بینیوە و لە دەستێوەردان و پێکهێنانی ئاژاوە لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئێــراق، ئەفغانستان و پاکستان، بۆ پرسێکی نێوخۆیی گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

موختار زارعی سەبارەت بە توندوتیژیی گروپە سەلەفییەکان لە کوردستانبی ئێران و روانگەی حکوومەت بەو گروپانە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، هەتا ئێستا هیچکام لە رەوت و گروپە سەلەفییەکان لە کوردستانی ئێـران باسیان لە رووخاندن و شەڕ لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێـراندا نەکردووە و توندوتیژیی ئەو گروپانە کەمترین هەڕەشەی بۆ دەسەڵاتیحکوومەتی ئیران بووەو بە پێچەوانە بەردەوام توندوتیژییەکان بەرەوڕووی هاووڵاتیان بۆتەوە.

\"14305.jpg\"
موختار هۆشمەند چالاکی سیاسیی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان رایگەیاند، \" مەزهەبی شیعە لە روانگەی سەلەفییەکانەوە بە تاقمێکی لادەر و دەرچوو لە رێبازی ئیسلام ئەژمار دەکرێن و بە کافر موردتەدیان لە قەڵەم ئەدەن و بەم پێیەو لە روانگەی سەلەفییەکانەوە شیعە مەزهەبەکان دەبێ بکوژرێن.

موختار هوشمەند لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، \"سەلەفییەکان بەرژەوەندیی سیاسی و ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لەبەر چاو دەگرن و بەردەوام لە کاروباری سایسیدا پەیوەندییان هەبووە و بەرژەوەندییەکانی یەکتریان پاراستووە\".

ناوبراو رشیگەیاند، هەنووکە سەلەفییەکانی کوردستان هیچ باسێک لە مورتەد یان کافر بوونی شیعەکان ناکەن، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا گروپێک بەناوی \"جەیشی سەحابە\" کەلە گروپی \"کتائب قاعدە فی کردستان\" جیا بوونەوە و ناوەندی چالاکییەکانیشیان لە کوردستانی ئێـــرانە، روانگەیەکی جیاوزیان هەیەو بۆ دژایەتی لەگەڵ شیعە پێداگری دەکەن، بۆیە ئەو تاقمە زۆربەیان دەستبەسەر کراون و لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"دا راگیراون.

سەلەفییەکانی زیندانی رەجایی شار:

\"14308.jpg\"
دەگوترێت زیاتر لە ١٥٠ کەسی سەلەفی کە زۆربەیان کورد و سوننە مەزهەبن لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجدا راگیراون، بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، پەروەندەی ٨ کەس لە هاووڵاتیانی سوننی مەزهەب کە بە ئێعدام مەحکووم کراون لە دیوانی بەرزی وڵاتەوە بۆ لقی ٢٧ی دادگای ئینقلاب گەڕاوەتەوە.

بڵاوبوونەوەی راپۆرتی بەهمەن ئەمووی پرچەکرداری سەلەفییەکانی رەجایی شاری کەرەجی لێکەوتەوە لەم پەیوەندیەدا زیندانیانی سوننە مەزهەبی ساڵۆنی ٤ی بەندی ١٠ی زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج لە سکاڵانەمەیەکدا کە دەقێکی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە و تێدا هاتووە: \"هەرچەندە ئەم راپۆرتە ئیزنی وەزارەتی ئیتلاعاتی لە پشت بووە، بەڵام دەرخەری بێ ئاگایی ناوبراو لەم بابەتەیە و هەنووکە ١٠٦ کەس لە چالاکانی سیاسی - مەزهەبیی کورد بە هۆی داکۆکی کە بێڕێزی کردن بە دین و پیرۆزییەکانیان کەلە ماوەی ٨ ساڵ سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نژاد گەیشتبووە لوتکە، لە زیندان دان و بە پێچەوانەی قسەکانی ئەمووی ئەمانە تەنیا پروپاگەندەیان بۆ دین کردووە و هیچ کردەوەیەکی توندوتیژیانە و تیرۆریستییان ئەنجام نەداوە.

ئەم چالاکە مەزهەبییە کە بە تاوانی دژایەتی لە گەڵ خودا (محاربە) بە ئێعدام مەحکووم کراوە، دەڵێ: حکوومەتی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە چەمک و دەستەواژەی وەک: \"توندوتیژی و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\"چالاکانی سوننی مەزهەب ئێعدام دەکات و لەم بارەوە ئاماژەی بە یەکێک لە زیندانیان بە ناوی شارام ئەحمەدی کرد کە بە تۆمەتی بێ بنەمای کوشتنی \"موحەممەد شێخ ئەلیسلام \" و \"بورهان عالی\" لە شاری سنە، حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپاوە.

ئەو چالاکە مەزهەبییە رایشیگەیاند کە شارام ئەحمەدی سەرەتای مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ دەستبەسەر کراوەو ئەمەش لە حاڵێک دایە کە ئەو ٢ کەسە لە کۆتاییەکانی وەرزی هاوینی هەمان ساڵدا کوژران.

ناوبراو راشیگەیاند کە هەتا ئێستا ١٦ کەس لە زیندانیانی سوننی مەزهەبی رەجایی شاری کەرەج بەبیانووی کوشتنی \"موحەممەد شێخ ئەلیسلام \" و \"بورهان عالی\" ئێعدام کراون.