راپۆرتی مانگانەی پێشێلکاریی مافی ژنان لە کوردستان و ئێران (رەزبەر)

16:03 - 30 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی یەک مانگی رابردوودا ٢٢ حاڵەت پیشێلکاریی مافی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکان و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێران تۆمار کراوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ دەنگدانەوەی هەرچی زیاتری پێشێلکاریی مافی ژنان لە ئێران، لە درێژەی بڵاو کردنەوەی راپۆرتی حەفتانەی بەرمووردا، هەموو مانگێک راپۆرتێک لەسەر پێشێلکاریی مافی ژنان لە کوردستان و ئێران بڵاو دەکاتەوە.

حاڵەتەکانی خۆکوژیی لەم راپۆرتەدا وەک پێشێلکاریی دەرهەق بە ژنان ئەژمار کراوە.

هەوڵی خۆکوژیی ٥ ژنی کورد لەمانگی رەزبەری دا

\"16194.jpg\"
دیاردەی خۆکوژی وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ لە حاڵی پەرەسەندن دایە. نەریتی بووننی کۆمەڵگا و چوونەسەرەوەی ئاستی ئاگایی ژنان بە نیسبەت مافەکانی خۆیان لە لایەکەوە و ئەمنیەتی بوونی ئەم دیاردەیە لە روانگەی دەسەڵاتەوە لە لایەکی دیکەوە چوونەسەرەوەی رێژی خۆکوژیی لەنێو ژنان و کچانی کوردی لێ کەوتووەتەوە.
لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، ٥ ژن و کچی کورد دەستیان داوەتە خۆکوژی. لە ئەنجامدا ٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و دۆخی جەستەی کەسێکیشیان نالەبار راگەندراوە.

لە سەرەتاکانی مانگی رەزبەردا، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی \"خەدیجە محەممەد ئەمینی\" خەڵکی شنۆ، هەوڵی خۆ کوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەتا ئێستا هۆکار و چۆنیەتیی خۆکوژیی ئەو ژنە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ بە ناڕوونی ماوەتەوە.

هەروەها، شەوی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر، ژنێکی جەحێڵ بە ناوی \"کەوسەر جوزان\" و خەڵکی گوندی \"ئالیان\"ی شاری شنۆ کە رۆژی چوارشەممە ١٠ی رەزبەر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لە دەست دا.

ئەم ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە دوای ئەوەی بۆ ماەی ٥ رۆژ لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ لە ژێر چاوەدێری بوو، گیانی لە دەست دا.

لە لایەکی دیکەوە سەر لە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە ١٨ی رەزبەر، تەرمی کچ و کورێکی لاو کە شەوی پێشووتری لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری سنە بە ناوی \"سرینجیانە\" هەوڵی خۆکوژییان دابوو، دۆزرایەوە.

ئەم کچە خوێندکار بووە و لەگەڵ خۆشەویستەکەی بە ناوی \"شاهۆ\" کە خەڵکی هەمان گوند بووە بە هەڵبڕین شادەماری دەستیانم کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ی رەزبەر ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی \"ساریا مورادی\" خەڵکی گوندی \"باوەرێز\"ی سەربە شاری سنە بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەوتەی سەرچاویەکی ئاگادار لەو بنەماڵەیە، \"ساریا مورادی\" دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی باوەرێز، ژیانی پێک هێنابوو.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر ژنێکی خەڵکی شارۆچکەی \"کانی دینار\"ی سەربە شاری مەریوان بەناوی \" سەحەر کەریمی\"، بەهۆی کێشەیەکی بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، ئەو ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە کە چەند مانگ پێش ئێستا بە بێ رەزامەندیی خۆی بە شوو درابوو، بەهۆی دروست بوونی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی گەڕابوویەوە ماڵی باوکی، بەڵام لەئەنجامی توندوتیژیی بنەماڵەیی‌دا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا.

دەگوترێت کە سەحەر کەریمی، لەسەدا ٩٠ی جەستەی تووشی سووتان بووە و ئەگەری گیان لەدەست دانی لە ئارا دایە.

ناوبراو هەنووکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

رێژەی خۆکوژی لە نێو ژنان و کچانی کورد دا بە نیسبەت مانگی پێشوو واتە خەرمانان، دابزینێکی ٥٠%ی بە خۆیەوە بینیوە. لە مانگی خەرمانان دا ١٠ ژن و کچی کورد لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوژیدا گیانیان لە دەست دابوو.

ئەم ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە نەبوونی میدیایەکی ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی خۆکوژیی هاووڵاتییان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

لەلایەکی دیکەوە روانگەی دەسەڵات بە نیسبەت خۆکوژی ژنانی کورد لایەنی ئەمنیەتی بەخۆیەوە بینیوە و ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران بە ماڵپەڕە ناوچەییەکانیان راگەیاندووە کە لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد خۆ ببوێرن.

لەسێدارە دانی ٧ ژن لە مانگی رەزبەردا

\"16195.jpg\"
لەمانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٧ ژن لە زیندانەکانی ورمێ، زاهەدان، رەجایی‌شار و مەشهەد لە سێدارە دروان.

٥ کەس لەم ژنانە بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢ کەسی دیکەشیان بە تاوانی قەتڵی بە ئەنقەست لە سێدارە دراون.

رۆژی چوارشەممە ٣ی رەزبەر، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، سێ ژن بە تاوانی فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان لە سێدارە دران.

هەتا ئێستا شووناسی ئەم ٣ ژنە رانەگەیەندراوە.

هەر لەو رۆژەدا، یەکێک لە زیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی قەرچەکی وەرامین بە ناوی \"کوبرا کەبیری\" لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج لەسێدارە درا.

ناوبراو رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢ی رەزبەر، لە بەندی ٢ی زیندانی قەرچەکی وەرامین بۆ زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج گوێزرابوویەوە.

کوبرا کەبیری کە زیاتر لە ٩ ساڵ لە دەستبەسەری دابوو، بە تاوانی قەتڵی بە ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا و سەرئەنجام رێکەوتی ٢ی رەزبەر لەسێدارە درا.

لە نێوەڕاستەکانی مانگی رەزبەریش دا، ژنێکی دانیشتووی شاری نەیشابوور، بە تاوانی کوشتنی مێردەکەی، لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.

شوناسی ئەم ژنە هەتا ئیستا رانەگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی٢٠ی رەزبەر، دوو زیندانیی ژنی بەندی \"نسوان\"ی زیندانی ناوەندیی زاهدان بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان لە سێدارە درا.

شووناسی ئەم دوو ژنەش هێشتا رانگێندراوە.

دەرچوونی حوکمی ١٨ مانگ زیندان و پشتڕاست کردنەوەی ٧٢ مانگ حوکمی زیندان بۆ چالاکانی ژن لە مانگی رەزبەر دا

\"16199.jpg\"
لەمانگی رەزبەری ئەمساڵدا دووچالاکی ژن حوکمی زیندانیان بۆ بڕایەوە و حوکمی زیندانی ٥ ژنە چالاکی دیکە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە.

هەروەها لە دادگای پێداچوونەوە دا، حوکمی چالاکێکی ژن لە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیرییەوە بۆ ١ ساڵ کەم کرایەوە.

گوڵڕوخ و شیدروخ فیروزیان دوو هاووڵاتیی پێڕەوەی ئایینی بەهایی، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئوستانی \"سیمنان\"ـەوە، هەرکامەیان، بە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بەهاییەی دانیشتوی سیمنان، بە تاوانی بانگەشە بۆ ئایینی بەهایی دادگایی کراون.

گوڵروخ و شیدروخ لە رێکەوتی ١٩ی رێبەندانی ١٣٩١ دەستبەسەر کرابوون و لە رۆژانی یەکەمی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تومانی ئازاد کرابوون.

هەروەها لەم مانگەدا حوکمی زیندانی تعزیریی ٥ کەس لە چالاکانی ژن لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتراست کرایەوە.

\"مریەم نەقاش‌زەڕگەران\" کە لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی \" تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \" کۆبوونەوەی نایاسایی دژی تەناهی وڵات\" بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیریی مەحکووم کرابوو، لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتراست کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کە پێڕەوەی ئایینی مەسیحییە، رۆژی دووشممە ٢٤ی پووشپەڕ دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرابوویەوە.

لەلایەکی دیکەوە، حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ ٤ هاووڵاتیی بەهایی بە ناوەکانی \"نیگار مەلەک‌زادە، حۆریە موحسینی، مەهین ئەحمەدیان و بێهناز حەدادزادە\" لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی \"رەزەوی\"یەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەم ٤ کەسە هاوڕێ لە گەڵ ٧ هاووڵاتیی دیکەی بەهایی بەهۆی پێکهێنانی پێشانگەی تایبەتی پێشە دەستییەکانی تایبەت بە منداڵان، لە زستانی ساڵی ١٣٩١دا دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

هەروەها حوکمی ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری نەسیم ئەشرەفی هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی تاران، لە دادگای پێداچوونەوە دا بۆ ١ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

ناوبراو لە ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \"ئەندامەتی لە رێکخستنی ئایینی بەهاییەکان دا\" بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

نەسیم ئەشرەفی لە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاویدا دەستبەسەر و رێکەوتی ١١ی گەلاوێژی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تومانی ئازاد کرابوو.

بانگهێشت کردن و دادگایی کردنی ٣ چالاکی ژن لە مانگی رەزبەری ٩٢ی هەتاویدا

\"16200.jpg\"
ئەکرەم سادات سەنجەری دایکی خوێندکاری زیندانی کراو، \"میساق یەزدان نژاد\" بانگهێشتی دادگا کراوە و لە لایەکی دیکەشەوە، خویندکاری دەستبەسەر کراو \"مریەم شەفیع‌پوور\"، بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە.

ئەکرەم سەنجەری دایکی زیندانیی سیاسی میساق یەزدان‌نژاد لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە بەرپرسایەتیی \"پیرعەباسی\" بۆ رۆژی ٢١ی رەزبەر بانگهێشت کراوە.

ئەکرەم سادات سەنجەری تەمەن ٥٦ ساڵ و یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی زایینییە.

یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی فاتمە موسەننا و هاوسەرەکەی بەناوی \"سادق خۆرەم دەشتی\" پاش ٨ مانگ لە دەستبەسەر کران، لەدادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو.

فاتمە موسەننا هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە تاوانی بەرێوەبردنی رێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشی بۆ کەسوکاریان و هەروەها هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوبیری لەگەڵ حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی دادگایی کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستاش لە زینداندا راگیراون.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە ١٧ی رەزبەر، مەهدیە فەراهانی چالاکی بواری مافەکانی ژنان لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، بانگهێشت دادسەرای \"شەهید مۆقەددەس\"ی ئێڤین کرا.

ناوبراو بە تاوانی \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \"ئەندامەتی لە گروپە فێمنیستییەکان \"دا بانگهێشتی دادسەرا کرابوو، کە ٣٥ میلیۆن بارمتەی بۆ بڕایەوە.

لە مانگی رەزبەردا ٢ کەس لە چالاکانی دەستبەسەرکراوی ژن ئازاد کران

\"16197.jpg\"
لە ماوەی مانگی رەزبەر دا ٢ کەس لە چالاکانی ژن لە زیندانی ئێڤین راگیرابوون، لە زیندان ئازاد کراون.

شەهلا سارمی هاوڕی لەگەڵ براکەی، پاش چوار مانگ لەدەستبەسەری، بە دانانی بارمتە لەزیندان ئازاد کران.

شەهلا سارمی تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری رشتەی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانە، کە لەرێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵدا دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرابوو.

شەهلا سارمی دواتر لە رێکەوتی ١٠ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین راگوێزرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، فاتمە زیایی‌ئازاد چالاکی سیاسی و یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی زایینی بەرەبەیانی رۆژی پێنج‌شەممە ٢٥ی رەزبەر لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

فاتمە زیایی یەکێک لە زیندانیانی بە ساڵاچووی بەندی نسوانی زیندانی ئێڤین بوو کە بە هۆی نەخۆشیی \"ئێم ئێس\"ەوە بارودۆخی تەندروستی تێکچووبوو.

ناوبراو رۆژی شه‌ممە ١٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوەکان: 
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا 
ماڵپەڕی هێرانا
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران دا
ماڵپەڕی چالاکانی تاراوگە
ماڵپەڕی گۆڕان لە پێناو یەسانیدا
ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات