٧ راوچی لە ناوچەی قوروە دەستبەسەر کران

14:52 - 9 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری قوروە ٧ راوچیی ئەو ناوچەیان لە کاتی راو کردن دا دەستبەسەر کرد.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لە زاری بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی شاری قوروە بڵاوی کردەوە، مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپاریزیی ئەو شارە ٧ \"راوچی\"یان لە ناوچەی \"بەدرو پەرێشان\" دەستبەسەر و رادەستی ناوەندە قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کراون.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا، مەئموورانی ئەو ئیدارەیە جیا لە دەستبەسەر کردنی ئەو راوچیانە، دەستیان بەسەر ٢ پارچە چەکی تایبەت بە ڕاو، و هەروەها چەندین لاشەی ئاژەڵی کوژراوی وەک کەڵە کێوی، بەراز و کەروێشک دا گرتووە.

ناوچەی بەدرو پەرێشان بە ڕووبەری ٤٤ هەزار هێکتار لە شاری قوروە هەڵکەوتووە و ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە هۆی تایبەتمەندی ژینگە و جۆری کانگە بەردەکانی ئەو ناوچەیە وەک ناوچەی پارێزراو راگەیەندراوە.

لە ژینگەی ئەو ناوچەیە دا ٤٢ جۆر باڵندە، ١٦ جۆر ئاژەلی کێوی و ٣ جۆر ماسی بوونی هەیە و هەروەها یەکێک لە گرینگترین شوێنەکان بۆ کەڵ و بزنە کێوی لە پارێزگای کوردستان دێتە ئەژمار.

ماوەیەک پێش ئێستا مەئمووارانی ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری سەقز ٦ راوچیی خەڵکی ئەو شارەیان لە کاتی راو کردن دا لە ناوچەی \"عەبدولرەزاق\"ی سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقز دەستبەسەر کردبوو.

هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی بەرپرسان، کەمیی هێزی ژینگەپارێزی و فراوان بوونی کوێستان و دارستانەکانی کوردستان بۆتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام چەند دەستە راوچیی خۆجێیی و ناخۆجێی دەست بدەنە راوی نایاسایی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ئەو ناوچانە و ژینگەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەرەوڕووی هەڕەشەی لە ناوچوون ببنەوە.