٢٥٣ راوچی لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لە ئوستانی ئیلام دەستبەسەر کراون + وتووێژ

16:00 - 8 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ٢٥٣ راوچیی سەرپێچیکار لە ئوستانی ئیلام لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ژینگەی ئەو ئۆستانەوە دەستبسەر کراون.

\"غوڵام حوسێن کازمی\" بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ژینگەی ئوستانی ئیلام وێڕای پشت‌راست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە زۆربەی ئەو دەستبەسەر کراوانە عەشاییرانی ئوستانی ئیلام بوون کە بەچەکی مۆلەت پێدراوی ئیدارەی شکاربانییەوە لە کاتی راو کردندا و لەماوەی قەدەغە بوونی راوی ئاژەڵ و باڵندەکاندا دەستبسەر کراون.

کازمی باسی لەوەش کرد، هەرچەند توانیومانە کە رێژەیەکی بەرچاو لە راوچییانی سەرپێچیکار دەستبەسەر بکەین، بەڵام ئەو رێژەیە لە مەئموورانی ئیدارەی ژینگە بەبەراورد لەگەڵ پانتایی ژینگە و لێڕەوارەکانی ئوستانی ئیلام وڵامدەر نین و پێوستی بە ئاوڕدانەوەی زیاترە.

\"12297.jpg\"
غوڵام حوسێن کازمی، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ژینگەی ئوستانی ئیلام
ساڵانە ئوستانی ئیلام سرنجی رێژەیەکی بەرچاو گەشتیار لەسەرانسەری وڵاتی ئێرانەوە بۆ لای خۆی رادەكێشێ.

‌هەروەها بەردەوام چەند دەستە راوچیی خۆجێیی و ناخۆجێی بەمەبەستی رابواردنی کات لە زۆربەی ناوچەکانی ئێرانەوە روو لە ئوستانی ئیلام دەکەن و دەست دەكەن بە راوی ئاژەڵ و باڵندەكان و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کە ژینگەی وەحشیی ئەو ئوستانە بەرەو لە ناوچوون بچێت.

ئوستانی کوردنشینی ئیلام ٢٠١٣٣ کیلۆمیتری چوارگۆشە پانتایی هەیە و جیا لە بوونی ماسی لە چۆماوەکانی ئەو ئوستانەدا لە ژینگە و دارەستانەکانیشیدا ئاژەڵ و باڵندەی وەک: \"ئاسک، کەڵ و بزنەکێوی، هەڵۆ و کەو\" بوونیان هەیە.