راوچییەکی نەغەدەیی پاش ٢٠ ساڵ راوە کەو، کەوەکانی ئازاد کرد

14:21 - 20 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی شەپۆلی هەوڵی ئاشتبوونەوەی راوچییە کوردەکان لەگەڵ ژینگە و سرووشتی کوردستان، راوچییەکی نەغەدەیی ٢٠ کەوی خۆی ئازاد کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەسعەد ئاتەش پەنجە پاش ٢٠ ساڵ راوە کەو، بڕیاری دا دەست لە راو بکێشێتەوە و لە ئەنجامدا تێکڕای کەوەکانی خۆی بە ژینگە و سروشتی کوردستان سپاردەوە.

\"18717.jpg\"
دەگوترێت، کە ئەو راوچییە کوردە پێشتر ١٦ کەوی ئازاد کردووە و رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە رێکەوتی ١٨ی رەشەمە، ٤ کەوی دیکەی ئازادی کردوون، کە دەگوترێت ئەو ٤ کەوە پێشتر بریندار کرابوون و پاش چارەسەریی برینەکانیان بۆ سروشتی گەڕاندوونەتەوە.

ئەو راوچییە کوردەی خەڵکی شاری نەغەدە لە کاتێکدا کەوەکانی ئازاد کردووە، کە ئیدارەی گشتیی ژینگەپارێزیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا مۆڵەتی بۆ ٥ هەزار چەکی تایبەت بە راوکردنی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دەرکردووە.

\"18716.jpg\"
لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا کۆمەڵێک راوچیی شارەکانی پاوە، روانسەر، جوانرۆ و کامیاران بە کۆمەڵ کەوەکانیان ئازد کرد ودەستیان لە راو کردن کێشایەوە.

چالاکانی ژینگەپارێزی، هەڵوێستی راوچییە کوردەکان بۆ چالاکیی ئەنجومەنە خەڵکییەکان دەگەڕێننەوە و ئەم شەپۆلی ئازاد کردنی باڵندە کێوییانەش پاش ئەوە دێت، کە راوچییەکی خەڵکی ناوچەی سەوڵاوا بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بە نیشانەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت، تاپڕەکەی لەبەر چاوی خەڵک شکاند و وازی لە راو کردن هێنا.

هەروەها کەسێک بەناوی حوسێن رەزایی دانیشتووی شاری مەریوان کە ماوەی چەندین ساڵ بە دروست کردنی فیشەکدان، ساکی چەک و قۆناغی چەک و کەرەسەکانی دیکەی راوکردنەوە سەرقاڵ بوو، پاش ئاگاداربوونەوە لە هەڵوێستی راوچییەکان لەمەڕ دەست کێشانەوە لە راو کردن و شکاندنی چەکەکانیان، بە نیشانەی ژینگە دۆستی و هاوهەڵوێستی لەگەڵ راوچییەکان، وازی لە کارەکەی هێنا.