راوچییەکانی ناوچەی سەقز ٣٥ کەوی دیکەیان ئازاد کرد

20:24 - 17 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی ئاشتبوونەوەی راوچییە کوردەکان و پەرە گرتنی فەرهەنگی ژینگەدۆستی لەکوردستان، راوچییە کوردەکانی ٥ گوندی ناوچەی گەورکی سەقز بە شێوەی بە کۆمەڵ کەوەکانیان ئازاد کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک راوچیی خەڵکی گوندەکانی قشڵاخی ئەفغانان، تایربۆغە، قارەمان، بۆبەکتان و کانی بەن لەرێوڕەسمێکدا و بە ئامaەدەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتیاین کەوەکانیان بە ژینگەی کوردستان سپاردەوە.

رێوڕەسمی ئازاد کرانی ئەو کەوانە، کە لەشوێنێک بە ناوی شاخی \"بەردە قەلە\" لەپشت ئاوایی تایربۆغە بەرێوە چووە، راوچییەکان ٣٥ کەویان ئازاد کرد و دواتر قەفەسەکانیان لەئاگردا سووتاند.

ساڵح قادرپوور، خالیدی حاجی حەسەن، محەمەد حەیدەری، برایمی حاجی ساڵە، مەحموود عارفی، عەتا ئیبراهیمی، عەلی ئیبراهیمی، ناسێح محەمەدزادە، تایری رەشە بایز، محێدینی قارەمان بەشێک لەو راوچییانە بوون، کە کەووەکانیان ئازاد کردووە.

 رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵیش، ژمارەیەک راوچیی خەڵکی گوندەکانی سڵێمان، قشڵاخ و عارەبەلەنگ و خورمتا و مەڵقەرەنی و ناوشاری سەقز، بە بەشداریی ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی ئەو شارە، لە رێوڕەسمێکدا ٦٨ کەویان ئازاد کرد.

لەماوەی سێ مانگی رابردوودا زۆربەی راوچییە کوردەکان لەدرێژەی رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژینگەی کوردستان و بە نیشانەی ژینگەدۆستی کەوەکانیان ئازاد کردووە و چەکی راوکردنیشیان شکاندووە.