راوچییەکانی ناوچەی سەقز ٦٨ کەویان بە ژینگەی کوردستان سپاردەوە+وێنە

15:54 - 26 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە راوچییە کوردەکانی شاری سەقز، لە درێژەی رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژینگەی کوردستان، کەوەکانیان بە ژینگە و سرووشتی کوردستان سپاردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە، ژمارەیک راوچیی سەقزی و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە و بە بەشداریی ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی ئەو شارە، لە رێوڕەسمێکدا ٦٨ کەویان ئازاد کرد.

ئەو رێوڕەسمە، بە یارمەتیی ئەنجومەنی \"ژینگەپارێزان\"، کەلە کۆتاییەکانی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو دامەزرا، لە ناوچەی پارێزراوی \"عەبدورەزاق\"و چیای \"شانشین\" لە رۆژهەڵاتی شاری سەقز بەڕێوەچوو.

دواتر راوچییەکان، کە خەڵکی گوندەکانی قاراوا، قاراوای سڵێمان، قشڵاخ و عارەبەلەنگ و خورمتا و مەڵقەرەنی بوون، بە نیشانەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت و وازهێنان لە راوەکەو، تێکڕای قەفەس و توورەکەی کەو و داوەکانیان لە ئاگردا سووتاند.

لەدرێژەی رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژینگەی کوردستان و وازهێنانی راوچییە کوردەکان لە راو کردن، لە رۆژانی رابردووشدا کۆمەڵیک راوچیی شاری بۆکان وێرای ئازادکردنی کەوەکانیان و سووتاندنی قەفەسەی کەوەکان، لوولەی چەکەکانی خۆیشیان لەبەر چاوی خەڵک بڕییەوە و وازیان لە راو کردن هێنا.

وێنە: ماڵپەڕی سەقز

\"19357.jpg\"

\"19356.jpg\"

\"19358.jpg\"

\"19355.jpg\"

\"19353.jpg\"

\"19352.jpg\"

\"19351.jpg\"