دەیان هێکتار لەلێڕەوارە بەڕووەکانی زاگرۆس لەئیلام بوون بە خۆڵەمێش+ویدیۆ

16:19 - 16 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەدەورووبەری شاری ئیلام خەساری بەرچاوی بە ژینگە و لێڕەوارەکانی زاگرۆس گەیاندووە و هاووڵاتیەکی کوردیش سەبارەت بە دروست بوونی قەیرانی ژینگەیی هوشداری داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە سەد هێکتار لەلێڕەوارەکانی زنجیرە چیای \" شەلم\" کە دەروانێتە سەر شاری ئیلام لە ئاگردا سووتا.

ناوچەی \" ئەرغەوان\"، \"هانیوان\" و \" مل پنجو\" ناوەندی ئاگرکەوتنەوەکان بوون و تێیدا زیاتر لە سەد بنەداری بەڕوو بوون بە خۆڵەمێش.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە یارمەتی هێزەکانی خەڵکی و ژمارەیەک لەهێزە حکوومەتییەکان کۆنترۆڵ کراوە بەڵام بە هۆی نەبوونی پشتیوانی هەوایی و کەلوپەلی ئاگرکوژینەوە، کۆنترۆڵی ئاگرەکە زۆری خایاندووە.

\"26873.jpg\"
ئاگرکەوتنەوە لەدەورووبەری شاری ئیلام خەساری بەرچاوی بە ژینگە و لێڕەوارەکانی زاگرۆس گەیاندووە
لەلایەکی دیکەوە تیمێک لەئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەشاری مەریوان بەمەبەستی هاوکاریی و کووژاندنەوەی ئاگرەکە چوونەتە شوێنی رووداوەکە.

دوایین راپۆرتەکان کە بە کوردپا گەیشتووە باس لەوە دەکەن کە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە بەڵام ژمارەیەک لە لایەنگرانی ژینگەپارێزی بەمەبەستی دڵنیایی بوونی تەواوی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە لەناوچەکەدا ماونەتەوە.

دەوترێت کە هەڵکەوتەیی ناوچە، هەڵکردنی با و کوێستانی بوونی ناوچە بووەتە هۆکاریی ئەوەی کە لەکاتی پێویستدا نەکرێ کە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، ئاگرەکە خەساری بە جۆرەکانی زیندەوەرانی ناوچەکەش گەیاندووە و بی شک ئیلام ئێستا لەقەیرانی ژینگەییدا بەسەر دەبات.

لەو حاڵەتانەدا هۆکاری مرۆیی و کەمترخەمی بە هاتنەئارای رووداوی لەم چەشنە لەقەڵەم دەدرێ.

پاش ئاگرکەوتنەوە لەلێڕەوارەکانی زاگرۆس لەبەرزاییەکانی \" شەلم\" ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی کورد لە لاپەڕەی ئینستاگرامی مەعسوومە ئیبتکار جێگری سەرکۆمار و سەرپەرەستی ژینگەپارێزی ناڕەزایەتی خۆیان بە ئاگرکەوتنەوە و کەمترخەمییەکانی ناوەندە پێوەندیدارەکان دەربڕیوە.

هەروەها نوێنەری دێلۆڕان لەمەجلیسی ئیسلامی رەخنەی لە دەوڵەت گرتووە و رێکخراوی ژینگەپارێزی و سەرچاوە سروشتییەکانی بەوە تاوانبار کردووە کە سەرەڕای وەرگرتنی بودجەی پێویست، بەڵام لەکاتی پێویست فریای لێڕەوار و دارستانەکان ناکەون.

بەوتەی بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی ئیلام، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەلێڕەوارەکانی ئیلام رووی داوە کە زیاتر لە ١٣ هەزار هێکتار لەوەڕگە و لێڕەواری لەناو بردووە و هۆکاری زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە \" مرۆیی\" راگەیەندراوە.

\"26872.jpg\"
نزیک بە ٤ هێکتار لەلێڕەوارەکانی سەوڵاوا لە ئاگردا سووتابوون
هەواڵنێرانی کوردپا لەناوچەکانی دیکەی کوردستانەوە باسیان لەوە کردووە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردووش نزیک بە ٤ هێکتار لەلێڕەوارەکانی ئاوایی \"روودبار\"ی سەر بە سەوڵاوا لە ئاگردا سووتابوون.

دەورووبەری سنە و کیوی \" کۆچکەرەش\"یش لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە کە لەلایەن چەند چالاکی ژینگە پاریزی و چەند پێرسۆنێلی سەرچاوە سروشتییەکانەوە پاش چەند کاتژمێر کۆنترۆڵ کراوە.