دەیان سەر ئەسپی کاسبکاران بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لەنێو چوون

16:21 - 27 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە تەقەکردن لە دەیان سەر ئەسپی کاسبکاران، ژمارەیەک ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران بەکوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە کوێستانەکانی \"مێرگە چەکۆ\" لە نزیک گوندەکانی \"زێویە و ماشکانـ\"ـی شاری پیرانشار، تەقەیان لە دەیان سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران کرد.

\"\"هێزە نیزامییەکان پاش کوشتنی ئەسپی کاسبکاران، دەستیان بە سەر شتومەکی کاسبکاران داگرت و لەگەڵ خۆیان بردیان و لاشەی کوژراوی ئەسپەکانیان لەو دەشتە بەجێ هێشتووە.

پێشتریش، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری شنۆ، هەوڵی دەسبەسەرداگرتنی ئەسپی کاسبکارانی کوردیان داوە و لەو پەیوەندییەدا، دەیان سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتووە، کە ئەم کردەوانەیان دژکردەوەی چالاکانی مەدەنیی لێ کەتووەتەوە.