دەوڵەتی تورکیە گەڵاڵەی بەرگری کردنی بەزمانی کوردیی پێشکەش بە پارلمان کرد

12:15 - 24 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای مانگرتنی زیاتر لە ٧٠٠ زیندانی سیاسیی کوردی تورکیە، دەوڵەتی ئەو وڵاتە گەڵاڵەی بەرگری کردن بە زمانی کوردی لە دادگاکاندا رەوانەی پارلمان کرد.

کاناڵی \"ئەلعەرەبییە\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی مانگرتوانی کوردی تورکیە کە بەرگری کردن بە زمانی کوردییە، لەلایەن دەوڵەتی ئەو وڵاتە لە گەڵاڵەیەکدا پێشکەشی پارلمان کراوە.

هەروەها لەو گەڵاڵەیەدا کە دوێنێ شەو دراوەتە پارلمان، ئیزن بە زیندانیان دەدرێت کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان چاوپێکەوتنیان هەبێت. مافێک کە هەتا ئێستا زیندانییە کوردەکان لێی بێبەش بوون.

ماوەی نزیک بە ١٠ هەفتەیە کە زیاتر لە ٧٠٠ زیندانی سیاسی کورد بە ناڕەزایەتی بە دۆخی \"عەبدوڵڵا ئۆجەلان\" رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، مافی بەرگری كردن لە خۆیان لە دادگاكان بە زمانی كوردی و خوێندن و پەروەردە بوون بە زمانی كوردی بەشێوەی فەرمی، دەستیان داوەتە مانگرتنی نادیار.

ماوەیەک لەمەو پێش \"ئەردۆغان\" سەرۆک وەزیرانی تورکیە، مانگرتنی ئەو زیندانیانەی بە \"شانۆ\" وەسف کرد، بەڵام شەوی رابردوو لە گەڵاڵەیەکدا ئەو داوا سەرەکییەی زیندانیانی مانگرتووی کوردی تورکیەی پێشکەش بە پارلمان کرد.

ئەردۆغان پێشتر رایگەیاندبوو: ئەو مانگرتوانە دەیانهەوێ لە دەوڵەتی تورکیە باج وەربگرن. لەهەمان کاتدا ئاماژەی بەوەش کردبوو کە بۆ دۆزینەوەی رێگاچارە، وەزیری دادی تورکیە رەوانەی راوێژ کردن لەگەڵ بەرپرسانی BDP دەکات.

بەوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، باری تەندروستیی زۆربەی مانگرتوان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپ بوون دەچێت و ئەگەری مردنیشیان لە ئارا دایە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردەکانی تورکیە بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی ئەو زیندانیانە، رژانە سەر شەقام کە دواتر لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، هەروەها ٦ کەسایەتیی سیاسی و پارلەمانتاری کوردی تورکیە بۆ ئەو مەبەستە دەستیان داوەتە مانگرتن.