دەنگۆی دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە شاری سنە بڵاو بووەتەوە

14:13 - 26 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دەنگۆی دۆزینەوەی گۆڕێكی بە کۆمەڵ لە نزیک نەخۆشخانەی \'\'تەوحید\"ی شاری سنە بڵاو بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە حەوتووی ڕابردوودا، لە نێو شاری سنەدا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە تەنیشت نەخۆشخانەی \"دڵ\"ی \"تەوحید\"ی شاری سنه، بڵاو بووەتەوە کە تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێکی حکوومەتی ئێران ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"بە ئەگەری زۆرر ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە هی کوشتارەکانی سەردەمی خەڵخاڵی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، \"ئەو کەسانەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەیان دۆزیوەتەوە و وێنە و هەواڵی تایبەت بەو گۆڕەیان بڵاو کردووەتەوە، دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.\"

هاوکات ئەو سەرچاوەیه بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنه پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دەسبەجێ سەری ئەو گۆڕەیان داپۆشیوە و پێشیان لە نزیکبوونەوەی هاووڵاتییانی شاری سنە گرتووە که سەردانی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە بکەن\".

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ناتوانێت ڕاستیی ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.