دەست لە کارکێشانەوەی ئەندامانی شۆرا، شاری \"شنۆ\"شی گرتەوە

14:45 - 14 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا ئەندامانی شۆرای چەندین شار و ئاوایی کوردستانی ئێران بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیان، نامەی دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان واژۆ کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەپاش هەڵبژاردنەکانی جۆزەردانی ١٣٩٢ کە تێیدا چوارەمین خولی هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکانی ئێران بەڕێوە چوو، کێشە و ناکۆکییەکانی شۆراکان لە چەندین شاری کوردستان خۆی زۆر بە زەقی دەرخستووە.

کێشە و ناکۆکییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەتا ئێستا ژمارەیەک لە شۆراکان نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان بەرز کردووەتەوە.

دوایین حاڵەتی دەست لە کار کێشانەوە پەیوەندە بە شۆراکانی شاری شنۆ بە چەشنێک کە سێ ئەندامی شۆرای شاری شنۆ دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.

ئەو سێ ئەندامە بە وتەی خۆیان بە هۆی پاوانخوازییەکانی بەرپرسی شۆرای شاری شنۆ دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.

عەلیرەزا محەممەد نژاد، کازم ئیلاهی و رەشید ئیسفەندیاری ناوی ئەو سێ ئەندامەی شۆرای شاری شنۆن کە لە نامەیەکدا دەستیان لە پۆستەکانیان هەڵگرتووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش دوو کەس لەئەندامانی شۆرای شاری مەهاباد بە هۆی کێشە و ناکۆکیی نامەی دەست لەکار کیشانەوەی خۆیان پێشکەش بە ناوەندە پێوەندیدراەکان کردووە.

 کامران عەلیزادە ئازەر و سەید رەسووڵ نەبەوی دوو کەس لەئەندامانی هەڵبژێردراوی شۆرای شاری مەهابادن کە دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان راگەیاندووە.

لەم دوایانەشدا و حەفتەی رابردوو ئەندامانی شۆرای شارەدێی شیناوێ لەپیرانشار بە کۆمەڵ دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاندبوو.

کێشەی شۆراکان هەر لە پاش هەڵبژاردنەکانەوە خۆی دەرخست و تەنانەت دوای تێپەڕینی نزیک بە ٩ مانگ لە هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان، شارەوانیی شارەکانی بۆکان و پاوە بەبێ‌ لێپرسراوی فەرمیی ئیدارە دەکرا ‌و کێشەکانی شۆرای شاری بۆکان تێکهەڵچوونی زارەکیشی لێکەوتبوویەوە.

کێشەکانی دیاری کردنی بەرپرسی شارەوانی بۆکان گەیشتبوویە ئەو ئاستە کە لە کۆبوونەوەی ئەندامانی شۆرا و فەرمانداریی شاری بۆکان، یەکێک لەئەندامانی شۆرا بە ناوی \"سادق مام سەیدە\" بەگژ فەرمانداردا چووبوویەوە و تێکهەڵچوونی زارەکی لەنێوانیاندا دروست ببوو.