دەست ئاوڵایی پەروەردە و بارهێنای کرماشان بۆ دەفتەری نوێنەری "وەلی فەقێ"

19:40 - 23 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: ژومارەیک ترۆمبێل کە بۆ ئیدارەی پەروەردە و بار‌هێنانی کرماشان نێردرابوون، ئەو ئیدارەیە بە دەست ئاوەڵاییەوە چەند دەزگایەکی بە دەفتەری نوێنەری وەلی فەقیه بەخشی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای پێدرانی ١٨ دەزگا ترۆمبێل لە جۆری \"پژۆ\" بە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کرماشان، ئەو ئیدارەیە ٨ دەزگایانی بە دەفتەری ئیمام جومعە و نوێنەری وەلی فەقێ\"ی ئەو پارێزگایە بەخشیوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، سەرجەم تێچووی کڕینی ئەو ماشێنانە بە بوودجەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کرماشان دابین کراوە کە ئەو ئیدارەیە بە شێوەیەکی نایاسایی و بە دەست ئاوەڵاییەوە بە دەفتەری نوێنەری \"وەلی فەقێ\" لە کرماشانی بەخشێون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ترۆمبێلانە لە حاڵێکدا لەسەر داوای ئیدارەی پەروەردەی شارەکانی پاوە، باینگان، سەلاسی باوەجانی، گیلانی رۆژئاوا، قەسری شیرین کڕدراون کە ئێستاش پێویستاین پێیانە.

ئەو کارەی ئیدارەی گشتیی پەروەردە وبارهێنانی پارێزگای کرماشان ناڕەزایەتیی و تووڕەیی سەرجەم بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارانەی لێکەوتۆتەوە.