دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات لەکاروباری مزگەوتەکانی شاری سەقز

15:17 - 19 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز ئیزنی هێنانی مامۆستای ئایینی بە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سەقز نادات.

بەپیی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوابەدوای کۆچی دوایی پێش نوێژی مزگەوتی حاجی کەماڵی لە گەڕەکی کانی گەرمکاو لە شەقامی رسالەتی شاری سەقز، ئیدارەی ئیتلاعات ئیزنی هێنانی پێش‌نوێژ بە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە نادات.

یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکی کانی گەرمکاو بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ٤ مانگ پێش ئێستا مەلا محەمەدی قورئانی کە پێش نوێژی مزگەوتی عاجی کەماڵی بوو کۆچی دوایی کرد، کە لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئیدارەی ئیتلاعات نەیهێشتووە خەڵک مامۆستای ئایینی دڵخوازی خۆیان بۆ ئەم گەرەکە بێنن.

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی، ئیدارەی ئیتلاعات رایگەیاندووە؛ تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانن کە مەلای ئایینی بۆ ئەم مزگەوتە بێنن، کە جێگەی متمانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بێت.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو ببە ئاژانی کوردپا؛ ئیدارەی ئیتلاعات لە رۆژانی رابردوودا بە شۆرا و شارەوانیی شاری سەقزی ئاگادار کردۆتەوە، کە دەبێ ناوی دوو شەقامی \"حەزرەتی عومەر و ئەبووبەکر\" بگۆڕدرێن.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، کە ئەو ناوەندە ئەمنییە مانگێک پێش ئیستا بە شۆرا و شارەوانیی سەقزی راگەیاندووە، کەدەبێ ناوی ئەو دوو شەقامە بگۆردرێن، بەڵام هەتا ئێستا ئەو داوایە جێبەجێ نەکراوە.

ئەو داوایەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لە کاتێک دایە، کە نزیک بە تێکڕای دانیشتوانی شاری سەقز هاووڵاتییانی کوردی سوننی مەزهەب پێکی دێنن.