دەستکورتی گیانی منداڵێکی کاری ئەستاند

21:19 - 8 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵەی جوانڕۆیی کە بە هۆی دەستکورتی و هەژاری و بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکەی لە پێناو دابینکردنی بژیوی ژیان، ڕووی لە کرێکاری کردبووە، لە نهۆمی یەکێک لە پاساژەکانی ئەو شارە بەردەبێتەوە و گیانی لە دەست دەدات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ منداڵێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە کاتی کار کردن لە پاساژی حەبیب وەیسی دەکەوێتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست دەدات.
شوناسی ئەو منداڵە کرێکار \"شادمان\"ڕاگەیەنراوە.

باوکی شادمان شوانە و هەروەها دایکیشی لە ماڵاندا بە کاری نان کردن خەریکە.

\"شادمان\"
شادمان
دەستکورت و هەژاری لە کوردستان ئێران بووەتە هۆی ئەوە هێندێک لە منداڵەکان لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە بۆ دابینکردنی \"قوت لایموت\" لە درێژە دان بە خوێندن بێبەری بن.

هەروەها لە ڕووداوێکی هاوشێوەی دیکەدا لە شاری بانە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ جۆشکارێک بە هۆی بەرق گرتوویەوە بە سەختی بریندار دەبێت.

سووتای ئەو کرێکارە کوردە لە جۆری دەرجە دووە و ئەندامانی سەرەوەی لای ڕاستی و ناوقەد بۆ خوارەوەی بە توندی دەسووتێت و بۆ چارە سەریی پزشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی توحیدی شاری سنە دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری حکوومەتی ئیسلامی ئێران، لەو وڵاتەدا ٢ میلیۆن و ٢٥٧ هەزار و ١٩٤ کەس(منداڵی کار) هەیە، لە لایەکی دیکەوە \"یەحیا واحیدی\" چالاكی مافی منداڵان باوەڕی وایە لە ئێران نزیک بە ٧ ملیۆن منداڵی كار بوونی هەیە كە تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵ دایە.

لەپێناسەی منداڵانی كاردا هاتووە:\" كاری منداڵ چالاكییەكی ئابوورییە كە لەرێگەی ئەو كارەوە منداڵ دەخرێتە ژێر ئازاری جەستەیی، روحی و رەوانی و ئەو كەسەیە كە لەخوێندنیش بە جێدەمێنی.\"