دەستکورتیی بنەماڵەیی خۆسووتاندنی کچێکی لێکەوتەوە+ئامار

15:20 - 18 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوژیی کچێکی دیکەی کورد لە ناوچەی \"قوتوور\"ی سەربە شاری خۆی، ئاماری خۆکوژیی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە سەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا (١٨ی رەشەمە)، گەیشتە ١٧ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کچێک بەناوی چیمەن میلانی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ناوچەی \"قوتوور\"ی سەربە شاری خۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ چیمەن میلانی، کە بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵەکەیەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، پاش راگواستن بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری خۆی بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

توێژەران و چالاکانی کۆمەڵایەتی وێڕای بەخەساردانانی خۆکوژیی ژنان، لەو باوەڕەدان کە هەژاری بنەماڵەیی کۆمەڵێک پاشهاتی وەکوو قەیرەیی کچان، هاوسەرگیری یان بەشوودانی زۆرەملی کچان لەلایەن بنەماڵەوەو چەندین دیاردەی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەمە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر باری دەروونیی کچان دەبێت و بە ناچاری پەنا بۆ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو خۆکوژی و هەڵاتن لە ماڵ دەبەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە ئەژمار کردنی خۆکوژیی چیمەن میلانی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشیەنکانی ئێران، تەنیا بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەم ئامارە رێژەییەو بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە رەوتی زیادبوونی رێژەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەم رێژەیەش زیاتر بێت.