دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەتی لە کۆڵبەران، ٥ قوربانیی لێکەوتەوە

14:25 - 10 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی لاو لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان بە تەقەی ‌هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەقە بەربڵاوکانی هەنگی سنووریی سپای پاسداران لە کوردستان، بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێکی کورد.

شوناسی ئەو کۆڵبەر تەمەن ٢٧ ساڵە بە \"کەماڵ بامەزەر\" کوڕی محەممەد ڕاگەیەنراوە.

ئەو ڕووداوە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی سەرماوەز، لە نێوان گوندەکانی\"دەرەوران\" و \"مێرگە درێژ\" سەربە بەشی خاو و میرئاوای شاری مەریوان ڕوویداوە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: لە دەرئەنجامی تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە کۆڵبەرانی کورد، لانیکەم چوار کۆڵبەری دیکە بریندار بوون و یەکێک لە برینداربووەکان بە هۆی سەختی برینەکەی لە لای سینگەیەوە، ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کراوە و بریندار بووەکانی دیکە لە نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان لە ژێرچاوەدێریی پزیشکیدان.

هەتا ئێستا شوناسی کۆڵبەرانی برینداربووی دیکە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

\"\"
کەماڵ بامەزەر
کەماڵ بامەزەر، کۆڵبەری گیان بەختکردوو، خەڵکی گوندی\"قەوتەند\" لە ناوچەی مەریوانە، کە شەوی پێش ئەو ڕووداوە کەرەستەی لە شاری\"پێنجوێن\" لە سنووری هەرێمی کوردستانی عێراقەوە گواستۆتەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی نێردراو بۆ ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا؛ تەقە بەربڵاوەکانی ڕۆژی سێ‌شەممە، بووەتە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی نیزامی و بریندار بوونی سەربازێک، کە هەنووکە لە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە هیچ زانیارییەکی تەواو لەبەردەستدا نیە.

کۆڵبەری، بە پیشەی ناڕاستەوخۆی بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان بەئەژمار دێت.

هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی هەڵبژاردنی پیشەی کۆڵبەری بۆ پەرەنەسەندنی ئابووری، نەبوونی ئیمکانات و کەموکۆڕییە بن‌پێکهاتەییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام بە سەرمایەگوزاریی زیاتر و دانانی یاسای سەرمایەگوزاری، کەرتی تایبەت و دەوڵەتی، دەتوانین پێش بەو ڕەوتە بگرین.