دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە کوردستان بەپێی ئامار و داتاکان

20:10 - 1 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ساڵی نوێی خوێندن بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار قوتابیی پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە لە کوردستانی ئێران دەستی پێکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئوستانەکانی کوردستان، ورمێ، ئیلام و کرماشان زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن (٩٣ – ٩٤) لێدراو بە گشتی ١ ملوێن و ٢٥٨ هەزار و ٢٥٠ قوتابی لە قۆناغە جیاجیاکاندا سەرقاڵی خوێندن دەبن.

لە ئوستانەکانی کوردستان و ورمێ، بەڕیز ٢٥ و ٤٦ هەزار قوتابیی پۆلی یەکەمی سەرەتایی دەچنە قوتابخانە.

پەروەردە و بارهێنان لە ناوچە کوردییەکان لەگەڵ کێشە و گرفتی جۆراجۆر بەرەوڕوو بۆتەوە، کە داهاتووی پرۆسەی خوێندن دەخاتە ناڕوونییەوە.

کەمیی مامۆستا

\"22260.jpg\"
ئوستانی ورمێ لە ساڵی نوێی خوێندندا لەگەڵ کەمیی ٣٠٤٠ مامۆستای قوتابخانە بەرەوڕوویە، کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چۆنایەتیی پرۆسەی خوێندن دەبێت و بەو هۆیەوە ٤٠ هەتا ٥٠ قوتابی لە پۆلێکدا وانەیان پێ دەوترێتەوە.

بە گوتەی بەرپرسی گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کرماشان، زۆرترین پشکی کەمیی ئیمکانات و لەو ئوستانە بەرەوڕووی قۆناغی سەرەتایی و رشتە فەنییەکان بۆتەوە.

قوتابخانە رووخاوەکان

لەئەمساڵدا بەهۆی بوومەلەرزەوە، بەتایبەت لە شاری ئابدانان، قوتابخانە رووخاوەکان یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانە.

تەنیا لە شاری ئابدانان ١٢ قوتابخانە تێکڕووخاون و قوتابیانی کورد لە کانیکسدا وانەیان پێ دەگوترێتەوە.

رێژەی قوتابخانەی نیوەڕووخاوەکان لە ئوستانی ورمێ نزیک بە ٣٠%، کە سەرجەمیان لە ٣٥ ساڵ پیش ئێستاوە دروست کراون.

چۆنایەتیی پەروەردە

\"22261.jpg\"
راوێژکاری وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ئێران لە سەردانێکدا بۆ شاری سنە، بە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی راگەیاندبوو، تەنیا لە سەدا ١ی بودجەی وەزارەتی پەروەردە سەرفی باشتربوونی دۆخی پەروەردە لە قوتابخانەکاندا دەکرێت.

لەکۆی ٢١ هەزار ملیارد تەمەن بودجەی وەزارەتی پەروەردە، تەنیا ٢١٠ ملیارد تمەنی ئەدرێتە بەرێوەبەرایەتیی پەروەرد ەو بارهێنان و ئەو بەشەی دیکەشی وەکوو مووچە ئەدرێتە مامۆستایان و پێرسونێلی قوتابخانەکان.

هاوکات پەروەردە بە زمانی زگماکی یەکێکی دیکە لە کێشەکانی پەروەردە و بارهێنان لە ناوچە کوردییەکانە، کە کاریگەریی راستەوخۆ و قووڵی لەسەر چۆنیەتیی پەروەردە و بارهێنان و بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتاییدا دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندنەوە بە درکردنی راگەیەندراوێک باسیان لەوە کردووە؛ هەنووکە زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی دەوڵەتی رۆحانیدا تێپەڕ دەبێت و لە هەمان کاتیشدا بەڵینییەکانی ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردە بە زمانی زگماکی لە قوتابخانەکان بۆ نەتەوە جیاجیاکان لە ئێران بە پێچەوانە بەڵێنییەکانی شانۆی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، بۆتە بڵقی سەر ئاو.

لە ئەمساڵی نوێی خوێندندا، بەگشتی ١٠٣ هەزار و ٧٢٣ قوتابیی پۆلی سەرەتایی لە ٤ ئوستانی کوردنشین لە قوتابخانەکاندا سەرقاڵی خویندن دەبن.

تووشبوونی قوتابیان بە ماددە سڕکەرەکان

\"22262.jpg\"
دوو حەفتە پێش ئێستا، بەرپرسی کۆمیتەی پەروەردەی باڵای مەجلیسی ئیسلامیی ئێران باسی لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو قوتابیانی تەمەن ٨ هەتا ٩ ساڵدا کردووەو رایگەیاندبوو: \"وەزارەتی پەروەردە بە هیچ شێوەیەک بۆ روونبوونەوەی ئاماری قوتابیانی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان بەدواداچوونی پێویست ناکات\".

پێشتر لێپرسراوێکی باڵای ستادی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان، رێژەی قوتابیانی تووشبووی بە ماددە هۆشبەرەکانی لە سەدا ١ راگەیاندبوو، کە بەهۆی تاقیکردنەوە و نیگەرانی و دڵەراوکێی تاقیکردنەوەکان پەنا بۆ هێندیک ماددەی هۆشبەری سەنعەتی دەبەن.
\"22264.jpg\"

\"22265.jpg\"

\"22267.jpg\"

\"22266.jpg\"

\"22268.jpg\"

\"22269.jpg\"