دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی هەڕەشەی کوشتنی کوڕی چالاکێکی سیاسی دەکەن

14:55 - 10 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا:دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لە شاری شنۆ، سەرەڕای گوشار هێنان بۆ سەر چالاکێکی سیاسی کورد دانیشتووی وڵاتی سوئید، هەڕەشەی کوشتنی کوڕەکەیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، هەڕەشەی خۆڕادەست کردنی چالاکی سیاسی کورد خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی \"کامیل عەبدوڵلاپوور\"، دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستوپەیوەندییەدانی هێزە ئیتلاعاتییەکان، چەندین جار لە ڕێگای خێزانی ئەو چالاکە سیاسیە کوردە بە ناوی \"ئاسیە ئەسەدی\" داوە، بۆ گوشار خستنە سەر کامیل عەبدوڵلاپوور، بۆ خۆڕادەست کردنەوەی بۆ ئێران.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: دوو کەس لە براکانی ئاسیە، کە لە دەستوپەیوەندییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتن، چەندین جار هەرەشەی کوشتنی کوڕی ئەو چالاکە سیاسیە کوردەیان بە ناوی \"کامیار عەبدوڵلاپوور\" کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: کامیار بە هۆی هەڕەشەی کوشتنی لە لایەن دەستوپەیوندییەکانی حکوومەتی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لەو پەیوەندییەدا، تەنانەت کامیل عەبدوڵلاپوور، لە پۆلیسی وڵاتی سوئید سکاڵای دژی هەڕەشەکانی دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی سەبارەت بە کوشتنی کورەکەی، کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبوڵلاپوور بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد ڕایگەیاندبوو: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە حەوتوویکەدا، دوو یان سێ جار بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسیە کوردە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دەکرێن و داوای هێناوەی کوڕەکەیان لە وڵاتی سوئید دەکەن.