دەستفرۆشی کردنی وەرزشوانێکی کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی

12:16 - 13 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: بۆ جارێکی دیکە دۆخی نالەباری ژیانی وەرزشوانانی کورد بووە سووژەی میدیا نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێران.

یەکێک لە هەواڵدەرییە ناوچەیەکان بڵاوی کردەوە، بەهۆی کەمتەرخەمیی و پشتگوێ خستنی بەرپرسانی وەرزشی، وەرزشوانێکی کورد بە ناوی \"فەرزاد سلێمانی\" بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان ڕووی لە کاری دەستفرۆشی کردووە.

فەرزاد لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بانگهێشتی تیمی نەتەوەیی کاراتەی ئێران دەکرێت و دوای ٢ ڕۆژ لە دەستپێکردنی ڕاهێنانەکەی، لەلایەن ڕاهێنەرەکەیەوە پێی دەوترێت ناوی تۆ لە لیستی تیمی نەتەوەیی سڕدراوەتەوە دەبێ لێرە بڕۆی.

برایەکی ئەو وەرزشوانە کوردە چارەنووسێکی هاوشێوەی هەیە کە دوای بانگهێشت کردنی بۆ تیمی نەتەوەیی ناوی لە لیستەکەدا دەسڕنەوەو ئێستا خەریکی کرێکاریە.

فەرزاد لە دایک بووی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە گوندی میراوای ناوچەی سۆما و برادۆست، سەر بە پارێزگای ورمێیە کە تا ئێستا توانیویەتی ٣٥ میداڵی جۆراجۆر بە دەست بێنێ.

خراپی دۆخی ئابووریی وەرزشوانانی ناسراوی کورد، جاروبار لە میدیا و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان‏دا ڕەنگ دەداتەوە.