دەستدرێژییەکانی سپا، ٢ کۆڵبەری ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

13:11 - 9 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ٢ کاسبکاری سەرسنوور لە شارستانی پاوە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بەسەختی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر، هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لە دەورووبەری گوندی \"دشە\"ی پاوە ماشینی کاسبکارانیان دایە بەر دەسڕێژی گووللە.

بەهۆی ئەم تەقەکردنەوە، ٢ لاوی کورد کە سەرقاڵی کۆڵبەری بوون پێکران و دەسبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان کران.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە پاوە ڕایگەیاند: بەهۆی تەقەکردنەکەوە ٢ کەس بەناوەکانی ئاکۆ شەریفی ٢٧ ساڵ و کوڕی جەماڵ وێڕای شەهریار سلێمانی ٢٥ ساڵ بریندار بوون.

ئەم دوو کاسبکارە پاش ئەوەی ڕان و سینگیان کرایە ئامانجی تەقەکردنەکە لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشان گوازرانەوە.

ئەم ٢ کەسە دەرچووی زانکۆن و سەرەڕای هەبوونی بڕوانامەی کارناسی و کارناسی باڵا بەهۆی بێکاری و نەبوونی هەلی کار لە ناوچەکە ڕوویان لە کۆڵبەری و گواستنەوەی کاڵا لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

نرخی بێکاری لە پارێزگای کرماشان لەسەرووی ٢٠%ە و بەپێی قسەکانی پارێزگای کرماشان، شاری کرماشان خاوەنی ١٤٠ هەزار تاکی بێکارە و لەساڵیشدا ٧ هەزار کەسی دیکە بەم ئامارە زیاد دەبێت.