دەستبەسەکردن و گوشار هێنان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی مەدەنی و خوێندکاری

15:17 - 22 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنی کورد خەڵکی شاری دێولان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولان لە پارێزگای سنە، ئەفشین حوسێن پەناهی چالاکی مەدەنی لە بنەماڵەی حوسێن پەناهییەکانیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: مەئموورانی ئیتلاعات بە بێ حوکمی دادگا ڕژاونەتە ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە شەخسییەکانی ناوبراو داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەفشین پێشتریش چەند جارێک لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و هەروەها لە شاری قرووە ماوەیەی ١ ساڵ زیندانی بووە.

\"29903.jpg\"
پێشتریش چەند کەسێک لە بنەماڵەی حوسێن پەناهییەکان بە ناوەکانی، \"پوویا، ئارمان، سەڵمان حوسێن پەناهی و پوویا موقەدەم\" لە لایەن ئیتلاعاتی شاری دێولانەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەر دەستدا نیە.

هەر لەو پەیوەندییە دا، ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد چالاکێکی خوێندکاری کورد خەڵکی ئەو شارەی دەستبەسەر کرد.
شوناسی ئەو خوێندکاری مەهابادیە بە ناوی \"وەفا ئازەر بار\" ڕاگەیەنراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" دەستبەسەر کردوە و حوکمی چوار مانگ زیندانی بۆ ئەو خوێندکارە کوردە بڕیوەتەوە.

سەرەڕای دەستبەسەر کردن و بڕینەوە حوکمی چوار مانگ زیندانی بۆ وەفا، ئیدارەی ئیتلاعات گوشار دەخەنە سەر بنەماڵەی ناوبراو کە دەبێ کوڕەکەیان ڕازی بە هاوکاری لەگەڵ ئیتلاعاتدا بکەن.

وەفا ئازەر بار خوێندکاری بەشی کەشاوەرزیە لە شاری ورمێیە و لە ١٥ی ڕاێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر دوای دوو مانگ لە ژووری تاکە کەسی بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد دەکرێت.

لینكی پەیوەندیدار:

راپۆرتی حەفتانەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران