دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەردەوامە

13:55 - 20 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری مەهاباد ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان، ٥ کەس لە هاووڵاتییانی شاری مەهاباد کە یەکێکیان ژنە چالاکێکی مەدەنی بووە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی ئەو ژنە چالاکە مەدەنیە دەستبەسەر کراوەی \"کوبڕا خاڵەندی\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری مەهاباد لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێپێوان بۆ پشتیوانی له مانگرتووانی شاری بانە، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد ئەو ٥ هاووڵاتیە کوردەیان دەستبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە هەنوکە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات دان و ئازاد نەکراون.

هەتا ئێستا شوناسی چوار کەس لەو ٥ کەسە دەستبەسەر کراوە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتووانی خەڵکی شاری بانە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی بانە، سنە، کرماشان و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستبەسەر کرابوون.