دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە

20:17 - 21 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ‌شەممەی حەوتووی ڕابردوو ١٧ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی \"ئەمیر وەفایی\" کوڕی میرزا وەفایی، تەمەن ٣٩ ساڵ، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی سیاسیی کورد، بە دەستی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

\"\"
ئەمیر وەفایی
هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: ئەمیر وەفایی پێشتریش پاش شەڕی گوندی قەرەسەقل، تووشی ئازار و ئەشکنجەی ڕۆحی و جەستەیی کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنیەتییەکان پێشتریش چەند ڕۆژێک بە تۆمەتی ئەوەیکە باوک و برایەکی ناوبراو پێشتر پێشمەرگە بوون، ئەمیریان دەستبەسەر کردبوو.

بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئیتلاعات دەستیان بە سەر هێندێک کەلوپەڵی دووکانی ناوبراودا گرتبوو. شایانی باسە کە؛ میرزا وەفایی باوکی ئەمیر، پاش چەند کاتژمێریك لە دەستبەسەر کرانی ئازاد کرا.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، بنەماڵە و کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان نیە.