دەستبەسەر کردنی لاوێکی شاری ڕەبەت

20:45 - 23 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ڕەبەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی حەوتووی رابڕدوو لە ڕەبەت، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی مستەفا ڕەشیدی کوڕی قادر، لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕەبەتەوە ڕایگەیاند: \"لەماوەی چوار ڕۆژی پێشوودا بنەماڵەی ڕەشیدی سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی ئەو شارەیان کردووە\".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەوڵنێری کوردپای وتووە کە سەرەڕای بەدواداچوون و پەیجوور بوونی ئەو بنەماڵەیە لە ئیدارە حکوومییەکان، بەڵام هەواڵێک لە شوێنی ڕاگیران و دۆخی مستەفا لە بەردەستدا نییە.

دەگوترێت کە ئەم لاوە کوردە پێنج‏شەممەی ڕابڕدوو، دوابەدوای هێرشی لیباس شەخسییەکان و هێزی ئینتیزامی، گیراوە و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراوە.