دەستبەسەر کرانی کچە چالاکێکی مافی مرۆڤ لەزانکۆی ورمێ

20:21 - 14 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی خەڵکی شاری مەهاباد لە زانکۆی ورمێ و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەرمین قادری تەمەن ٢٩ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵای زانکۆی ورمێ، کە بەهۆی وەرگرتنی پارە لە قوتابییان چەندین نامەی بۆ ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی ورمێ نووسیبوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

شەرمین قادری کە لە رشتەی \"مودیرییەت (بەڕێوەبەری)\"ی زانکۆی ورمێ سەرقاڵی خوێندنە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانبار لەو زانکۆیە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

دەگوترێت، شەرمین قادری کچی \"محێدین\" لە ساڵانی رابردووشدا وەکوو چالاکێکی مافی مرۆڤ هاوکاریی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی کردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رابردوودا فشار بۆسەر چالاکانی خوێندکاریی کورد لە ناو زانکۆکان رووی لەزیاد بوون کردووە و لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئیستا ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری بۆکان، کە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆی ئەو شارەوە هەتا کاتی دادگایی کردنەکەی لە خوێندن بێبەری کرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران سەرجەم ١٧٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.