دەستبەسەر کرانی چالاکێکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان

21:28 - 23 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە، دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئێقباڵ ئەحمەدی چالاکی بزووتنەوەی ژنانی شاری مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئەو شارە لە رێکەوتی ٩ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێـزرا.

\"15301.jpg\"
ئێقباڵ ئەحمەدی چالاکی بزووتنەوەی ژنانی شاری مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی
دەگوترێت کە بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردوام لە مەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان، لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی وەک ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان، هیچ هەوالێکیان پێ رانەگەیەندراوە.

کانوونی دادکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردۆتەوە کە سەرجەوم چالاکان و ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان لە ژێر چاوەدێریی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران دان.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣١ هاووڵاتیی کورد تەنیا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بلاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەروەها نەبوونی میدیا ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.