دەستبەسەر کرانی ٨ هاووڵاتیی کورد لە ورمێ

14:09 - 11 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٨ هاووڵاتیی کوردیان لە شاری ورمێ دەستبسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا ناوی کەسێک لەو دەستبەسەر کراوانەی \"قاسم موراد پەرست\" کوڕی جاسم و خەڵکی گوندی \"باڵا جخ\"ی سەربە شاری ورمێ راگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو ٧ کەسەی دیکە نەزانراوە و هەروەها لە شوێنی راگیرانیان هیچ هەواڵیک لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا ١٧ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی دەنگدانەوە لە میدیاکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.