دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک لە شاری بۆکان

15:19 - 12 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان پاش زیاتر لە ١٠ رۆژ لە دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا چانووسی ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ٤ی خەرمانان هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی \"ناسر کەریمی\" کوڕی عەبدوڵڵا، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

دەگوترێت، ناسر کەریمی خێــزاندار و وەستای \"جلوبەند سازیی ماشێنی\"بووە کە رۆژی دووشەممەی رابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە لە کاتی کار کردندا لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناسر کەریمی لەمەڕ چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەر کرانی رۆڵەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکان هیچ زانیارییەکیان پێ رانەگەیاندوون.

بەپێی ئاری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٤٣ رۆژی رابردوودا ٣٨ هاوڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و نیـزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەروەها نەبوونی میدیای ئازاد، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.